وەزیری بەرگری ئەمریكا: بە هیچ شێوەیەك پلانمان نییە بۆ كشانەوە لە عێراق
بەگوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی رۆیتەرز، مارك ئەسپەر وەزیری بەرگری ئەمریكا رایگەیاند،"پلانمان نییە بۆ كشانەوە لە عێراق"
ئەو نامەیەی بڵاوبوەتەوە ورد نییەو هیچ پلانێكی چونە دەرەوەمان لە عێراق نییە
وەزیری بەرگری ئەمریكا سەبارەت بەو نامەیەی فەرماندە سەربازییەكەی سوپای وڵاتەكەی وتویەتی،"ئەو نامەیەی بڵاوبوەتەوە ورد نییەو هیچ پلانێكی چونە دەرەوەمان لە عێراق نییە"
ئەو پەیامەی وەزیری بەرگری ئەمریكا دوای ئەوە دێت كە ویلیام سیلی سێیەم لەنوسراوێكی فەرمیدا كە ئاراستەی فەریق روكن عەبدولئەمیر ڕەشید یاروڵا جێگری فەرماندەی هێزی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی بەغدا سەر بەوەزارەتی بەرگری عێراقی كردوە ئەوەیخستۆتەڕو، وەك رێزێك بۆ سەرۆكایەتی كۆماری عێراق و بەپێی ئەو داواكاریەی سەرۆك وەزیران و پەرلەمان كە پێمانگەیشتوە، پێویستە لەسەر هێزەكانی هاوپەیمانان چەند رێكارێكی تایبەت و دیاریكراو بگرنەبەر، بۆ چونە دەرەوەیان لەعێراق بەشێوەیەكی دروست و پارێزراو.
وردەكاری چونەدەرەوەشیانی ئاشكراكردوەو ئەوەیخستۆتەڕو، "لەو ماوەیەداو لەكاتی جێبەجێكردنی بڕیاری چونەدەرەوەیان، هاتوچۆی هێلیكۆپتەر لەچواردەورو ناوچەی سەوزی بەغدا زیاد دەكات هێلیكۆپتەرەكانیش لەجۆری ( CH-47، AH64، UH060) دەبن و ژمارەیەكیشیان بەمەبەستی پارێزگاریكردن لەهێزەكان ئامادەییان دەبێت.
خەندان