رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمەریکی: كۆشكی سپی سەرقاڵی سەپاندنی سزای ئابوورییە بەسەر عێراقدا
رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمەریکی لەسەر زاری یەکێك لەبەرپرسەکان لە کۆشکی سپی کە ناوی نەهێنراوە بڵاویکردەوە "راوێژکارانی کۆشکی سپی و وزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا لە ئێستاوە دەستیانکردووە بە گفتوگۆ و تاوتوێکردنی چەند شێوازێک بۆ سەپاندنی سزا بەسەر عێراقدا، ئەگەر بێت و حکومەتی عێراقی بڕیاری کۆتایی بدات بە دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا".
سەرچاوەكە راشیگەیاندووە "بڕیاریانداوە دوای گەیشتن بە شێوازی کۆتایی بۆ سەپاندنی سزاکان راینەگەیەنن و چاوەڕوانی بڕیاری کۆتایی حکومەتی عێراق بن لەهەمبەر مانەوە یان دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق".
پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هەڕەشەی سەپاندنی سزای توند بەسەر عێراق كردبوو، ئەگەر بەغدا هێزە ئەمەریکییەکان ناچار بکات عێراق جێبهێڵن.
ترەمپ لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو، ئەمەریکا دەستبەرداری عێراق نابێت تەنیا ئەگەر دەسەڵاتدارانی عێراق تێچووی دروستکردنی ئەو بنکە ئاسمانیە بدەن کە لەلایەن واشنتنەوە بە چەندین ملیار دۆلار دروستکراوە.
سەرۆكی ئەمەریكا ئاماژەی بۆ ئەوەشكردبوو، ئەگەر دەسەڵاتدارانی عێراق داوای دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا بکەن، ئەوا سزایەکی توند بەسەر ئەو وڵاتە دەسەپێنن کە پێشتر وێنەی نەبووە و لەو سزایانەش قورستر دەبێت کە بەسەر ئێراندا سەپێندراون.
K24 -