حەلبووسی هۆشداری دەداتە پەرلەمانتارە شیعەکان لەبارەی لە دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا

حەلبووسی هۆشداری دەداتە پەرلەمانتارە شیعەکان لەبارەی لە دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا
محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کۆبوونەوەی دوێنێی پەرلەمان، لەسەر سەکۆی پەرلەمان دێتە نێو پەرلەمانتاران و لەبارەی بڕیاری دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق هۆشداری دەداتە پەرلەمانتارانی ئامادەبوو کە زۆربەی زۆریان شیعەن.

محەممەد حەلبووسی هۆشداری لە دەرئەنجامە مەترسیدارەکانی ئەو بڕیارە دەدات، لەوانەش ئەگەری راگرتنی پەیوەندی بواری دارایی نێوان کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و عێراق، ئەوەش کاتێک روودەکاتە سەرۆکوەزیرانی وڵات و دەڵێت "دەوڵەتمەدار، یەکێک لەو هەنگاوانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەینێت بریتییە لە وەستاندنی مامەڵەی دارایی لەگەڵ عێراق، هیوادارین جەنابتان ئەمە بۆ پەرلەمانتاران روونبکەنەوە، ئەگەر ئەمڕۆ حکومەتەکەت تەواوی دەسەڵاتەکانی هەبووایە ناچار نەبووی بێیتە پەرلەمان لەبارەی دەنگدان لەسەر مانەوە یان نەمانەوەی هێزە بیانییەکان".

لە درێژەی قسەکانیدا حەلبووسی ئاماژە بەوە دەکات کە قسەکانی بۆ بەرژەوەندی عێراق و دەڵێت "ترسم ئەوەیە هەنگاوێک بچینە دواوە. من لەگەڵ ئەوەم پەرلەمان تەواوی دەسەڵات بداتە سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست لەبارەی کۆتاییهێنان بە دۆسیەی بوونی هێزەکانی هاوپەیمانان".

بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق لەبارەی کۆتاییهێنان بە بوونی هێزی بیانی لە عێراق، کاردانەوەی ئەمریکای لێکەوتەوە، لەسەرووی هەموویانەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کە هەڕەشەی تووندی لە عێراق کرد و رایگەیاند، ئەگەر هەوڵبدەن هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەربکەن، ئەوا سزای زۆر تووندیان بەسەردا دەسەپێنێت.


دەقی گوتەکانی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق:

بەڕێز سەرۆکوەزیران..

برایان و خوشکانم.. پەرلەمانتاران و بەڕێز جێگری یەکەم، سەرۆکی ئەم کۆبوونەوەیە و جێگری دووەم، دەمەوێت بە راشکاوانە قسە لەسەر بابەتێک بکەم، بەڕێز سەرۆکوەزیران.. دەمەوێت قسە لەسەر ئەو بەربەستانە بکەم کە هاتوونەتە بەردەم جەنابتان لەو ماوە دوورودرێژەی کە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بوون، کە بارێکی زۆر قورس بووە لەسەر شانت، خودا پشتیوانتان بێت.
ئێستاش بەرگەی ئەو بارە گرانەتان گرتووە؛ خۆت و براکانت لە کابینە و هاوکات برا و خوشکەکانت لە ئەنجوومەنی نوێنەران کە کەڵەکەبووی ساڵانی رابردوون، من نامەوێت لێرە درێژە بە قسەکان بدەم، بەڵام تۆ قسەکانت پێبڕیم..... کێشەکان بۆ عێراق هێنراون، کێشە هەرێمییەکان و کێشە نێودەوڵەتییەکان و کێشەکان بەگشتی... ئێمە چەند هەنگاوێکی گرنگمان تێپەڕاند لە مێژووی عێراق.

ئێمە بڕیارەکەمان داوە، چ ئەو خاڵانەی ئێستا لەبەردەم بەڕێز سەرۆکی کۆبوونەوەکەن و چ ئەو داواکاریانەشی جەنابت لە سەرەتا فەرمووت کە پەیوەستن بە کۆتاییهێنان بە هەبوونی هێزە بیانییەکان بە شێوەیەکی گشتی بە گرتنەبەری رێوشوێنی خێرا یان گەڕانەوە بۆ رەشنووسی بڕیارە پێشنیازکراوەکە کە دەستنیشانکردنی هێزەکان و ئەرک و رۆڵیانە، وەکو لە پەیامەکەی جەنابتان باسی لێوەکراوە.

برایان ئەمڕۆ ئامادەبوونەکە تەنیا شیعەیە... رێگەم بدەن با راشکاوانە قسە بکەم، برایان رێگەبدەن و گوێم لێبگرن ئەم قسانەی من بۆ راگەیاندن نییە، داوا لەسەرۆکی کۆبوونەوە دەکەم سەرجەم راگەیاندنەکان رابگرێت، هیوادارم وەک چۆن لە رابردوودا لەسەری راهاتووین بە درێژایی ئەو سەختیانەی بەسەر عێراقدا هاتووە، بڕیارەکە بڕیارێکی عێراقی بێت.... ئەمڕۆ ئێوە برای گەورەن، بەرپرسیاریەتی هەمووان لەئەستۆدەگرن، بەرپرسیارێتی رۆڵەکانتان لەئەستۆدەگرن، هی برا و خوشک و برا شیعە و سوننە و کورد و پێکهاتەکان لە تەواوی عێراقدا لەئەستۆدەگرن.

ئەگەر گوێم بۆ بگرن...

بەڕێز سەرۆکوەزیران، یەکێک لەو هەنگاوانەی کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەینێت بریتییە لە وەستانی مامەڵەی دارایی لەگەڵ عێراق، هیوادارین بەڕێزتان ئەمە بۆ پەرلەمانتاران روون بکەنەوە.

ئەگەر ئەمڕۆ حکومەتەکە دەسەڵاتی تەواوی هەبووایە، ئەوا پێویستی نەدەکرد بێنە پەرلەمان بۆئەوەی دەنگ لەسەر مانەوە و نەمانەوەی هێزەکان بدرێت، داوا دەکەم دەنگ لەسەر بڕیارێک بدەین، بەڵام دەرفەتێک بەخۆمان بدەین با 24 کاژێر بێت با 48 کاژێر بێت.. هەرچۆنێک بێت دەنگدانەکە دەکەین. من لەگەڵ دەنگدانم، بەڕێز سەرۆکوەزیران رادەسپێرم بە هەموو دەسەڵاتەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ کۆتاییهێنان بە دۆسیەی هەبوونی هێزەکانی هاوپەیمانان، بەڵێ سەرجەم هێزە بیانییەکان.. چ ئێستا بڕیارەکە دەڵێن بدەین ئەوا بۆ یەک کاژێریش دوای ناخەین.. داواتان لێدەکەم، من برای ئێوەم، ئێمە بەشێکین لە ئێوە و بەشێکین لەم دەوڵەتە و دەمانەوێت وڵاتێکی بەهێزمان هەبێت.

بۆیە داوا دەکەم من بۆ بەرژەوەندی گشتی ئەو قسەیە دەکەم، سوێند بەخوا نە بۆ بەرژەوەندی ئەمریکایە و نە بۆ ئێران و نە بۆ هیچ لایەکە، جیا لە عێراق نەبێت...

ترسم ئەوەیە هەنگاوێک بچینە دواوە، بۆیە داوا لە پەرلەمان دەکەم دەسەڵات بداتە سەرۆکوەزیران، بە پێدانی هەموو دەسەڵاتەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ کۆتاییهێنان بە هەبوونی هێزە بیانییەکان لە عێراق.... داوا لە برای بەڕێزم سەرۆکوەزیران دەکەم ئەویش ئەو بابەتە بۆ برایان و خوشکانی پەرلەمانتار روونبکاتەوە، من پەیامەکەی خۆم خوێندەوە، ئەوەی لەسەرم بووە لە بەرامبەر خودا و بەرامبەر بە عێراق.
Top