سەرکردەیەک چەند زانیارییەکی لەبارەی سولەیمانی و موهەندیس بە ئەمریکا داوە
ماڵپەڕی (ئەلعەرەبییە) راپۆرتێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا دانپێدانانەکانی قەیس خەزعەلی، سەرۆکی میلیشیای عەسایب ئەهلی حەقی بڵاو کردووەتەوە.
قەیس خەزعەلی، کە لەنێوان 2007-2010 لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە دەستگیر کرابوو، لە یەکەم دانیشتنی لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا، چەند زانیارییەکی بۆ ئەمریکییەکان ئاشکرا کردووە.
هەروەک ئەلعەرەبییە بڵاوی کردووەتەوە، خەزعەلی پەیوەندیی میلیشیا شیعەکان و سوپای پاسدارانی ئێرانی بۆ ئەمریکییەکان ئاشکرا کردووە.
سەرۆکی عەسایب ئەهلی حەق دانی بەوەشدا ناوە، کە لە چەند سەربازگەیەکی ئێران مەشق بە چەکدارە شیعەمەزهەبە عێراقییەکان کراوە و ئێران چەکی بەو میلیشیا عێراقییانە داوە.
قەیس خەزعەلی چەندا زانیارییەکیشی لەبارەی قاسم سولەیمانی بە ئەمریکییەکان داوە، بەڵام زانیارییەکان بڵاو نەکراونەتەوە.
لەبارەی ئەبو مەهدی موهەندیس، خەزعەلی لە 4-4-2007 بە ئەمریکییەکانی گوتووە، موهەندیس پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ ئێران هەیە و خێزانەکەشی هەر لەو وڵاتە دژین.
بەرەبەیانی رۆژی هەینی 3-1-2020، سوپای ئەمریکا لەڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، کاروانێکی چەکداریی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی بەغدا بۆردومان کرد.
بەهۆی بۆردومانەکەوە، هەریەکە لە ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و نۆ بەرپرس و چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی، کوژران.
قاسم سولەیمانی، کە لە 11-3-1957 لە گوندی قەنات مەلەک لە شاری کرمان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران لە دایک بووە. سولەیمانی یەکێک بوو لە فەرماندە و بڕیاربەدەستە باڵاکانی ئێران.
باسنيوز