ترەمپ بۆ عێراق: پارەکەمان بدەنەوە و هێزەکانمان دەکشێنینەوە

 ترەمپ بۆ عێراق: پارەکەمان بدەنەوە و هێزەکانمان  دەکشێنینەوە


سەرۆکی ئەمریکا سزایەکی زۆر توندتر لە سزاکانی وڵاتەکەی بەسەر ئێران، بەسەر عێراقدا دەسەپێنێت.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کاتی گەڕانەوەی لە ویلایەتی فلۆریداوە بۆ واشنتن، بە رۆژنامەنووسانی راگەیاندووە، ئەمریکا پارەیەکی زۆری لە دروستکردنی بنکە سەربازییەکانی لە عێراق، خەرج کردووە.

دۆناڵد ترەمپ لەبارەی بڕیاری دەرکردنی هێزە ئەمریکییەکان لە عێراق، کە رۆژی یەکشەممە 5-1-2020 پەرلەمانی عێراق پەسەندی کرد، رایگەیاندووە، ”چەندین ملیار دۆلارمان لە دروستکردنی بنکە سەربازییەکان خەرج کردووە، پارەکەمان بدەنەوە و هێزەکانمان لە عێراق دەکشێنینەوە“.

سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی سەپاندنی سزای توندی بەسەر عێراقدا کردووە، کە سزاکانی ئێران لەچاو ئەو سزایانەی بەسەر عێراقدا دەسەپێندرێن ”زۆر بچووکن“، ئەگەر حکوومەتی عێراق دەست بە جێبەجێکردنی بڕیاری دەرکردنی هێزە ئەمریکییەکان بدات.

بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق دوای کوشتنی ئەبو مەهدی موهەندیس و قاسم سولەیمانی لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکاوە، درا.

بەرەبەیانی رۆژی هەینی 3-1-2020، سوپای ئەمریکا لەڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، کاروانێکی چەکداریی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی بەغدا بۆردومان کرد.

بەهۆی بۆردومانەکەوە، هەریەکە لە ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و نۆ بەرپرس و چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی، کوژران.

قاسم سولەیمانی، کە لە 11-3-1957 لە گوندی قەنات مەلەک لە شاری کرمان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران لە دایک بووە. سولەیمانی یەکێک بوو لە فەرماندە و بڕیاربەدەستە باڵاکانی ئێران.








باسنیوز
Top