عەلی شەمخانی: بەپێی بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق هێزەکانی ئەمریکا دەبنە داگیرکار
سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی ئێران گوتیشی، بێگومان وەڵامیان بۆ هێرشەکەی ئەمریکا دەبێت و وەڵامەکەش "بە دیاریکراوی سەبازی دەبێت، بەڵام بە تەنیا سەربازی نابێت".
هاوکات حوسەین دەهقان، راوێژکاری سەربازیی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ سی ئێن ئێنی ئەمریکی رایگەیاندووە، وەڵامەکەی تاران بۆ واشنتن سەربازی دەبێت و دژی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکاش دەبێت.
حوسەین دەهقان کە پێشتر وەزیری بەرگریی ئێران بووە و ئێستا یەکێکە لە کەسە هەرە نزیکەکانی خامنەیی راشیگەیاندووە، تاران هەرگیز بەدوای شەڕەوە نییە و بەدوایشیەوە نابێت، بەڵام ئەوە ئەمریکایە کە دەستی بەم شەڕە کردووە، بۆیە دەبێت وەڵامێکی گونجاویش بۆ ئەم دەستپێشخەرییەیان قبوڵ بکەن.
راوێژکاری سەربازیی عەلی خامنەیی ئاماژەی بەوەش کردووە، ئێران تۆڵەی خۆی دەکاتەوە و بەو جۆرەش لەگەڵ ئەمریکا یەکسان دەبن، بۆیە نابێت ئەمریکا بەدوای وەڵامدانەوەدا بگەڕێت.
دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودس، ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و چەند کەسێکی دیکە و لەئەستۆگرتنی کردەوەکە لەلایەن ئەمریکاوە، هەڕەشە و گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا رووی لە هەڵکشانی زیاتر کردووە، بەشێوەیەک کە راستەوخۆ هەڕەشەی هێرشکردنە سەر بنکەکانی یەکتری دەکەن.