عێراق بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا پێویستە یەك ترلیۆن و 220 ملیار دۆلار بدات
لەم ڕێككەوتنە ستراتیژییەدا كە ساڵی 2009 نوێ كرایەوە، هاتووە كە ئەمریكا ڕەزامەندی بنیاتنانی 16 بنكەی سەربازی لەسەر خاكی عێراق بەدەست دێنێت، ئاسمان و خاكی عێراق لە هەر كات و شوێنێكدا بە دەست دەوڵەتی ئەمریكاوە دەبێت.
هەروەها ڕێككەوتنەكە دووپاتی كردووەتەوە كە مانگە دەستكردەكان لە ئاسمانی عێراقدا لە ژێر دەسەڵاتی ئەمریكادا دەبن، لایەنی عێراقی بۆی نیە بچێتە ناو زانیارییەكانی مانگە دەستكردەكان یان پەیوەندییان پێوەبكات، تەنها بە ڕەزامەندبوونی ئەمریكا نەبێت.
هەروەها ڕێگە دەدرێت بە لایەنی كەمەوە 8 هەزار و 400 سەربازی ئەمریكا لەسەر خاكی عێراق بمێننەوە.
لەبارەی دەستكەوتەكانی عێراقیشەوە، لە ڕێككەوتنەكەدا هاتووە كە حكوومەتی بەغدا كەلوپەلەكانی فڕۆكەی f16ی ئەمریكی پێدەدرێت.
هەر بەپێی ڕێككەوتنەكە، ئەگەر عێراق داوا بكات لە ڕێككەوتنەكە بچێتە دەرەوە، پێویستە حكوومەتی بەغدا بڕی 120 مليار دۆلار بە ئەمریكا بدات، ئەوەش لە بەرانبەر خەرجییەكانی ئەمریكا لەگەڵ ئەو زیادەیەی لە ماوەی ساڵانی رابردوودا هاتووەتە سەری.
هەروەها لایەنی عێراقی خەرجییەكانی شەڕی ساڵی 2003ی دەكەوێتە ئەستۆ، كە بڕەكەی یەك ترلیۆن و 100 ملیار دۆلارە.
جێی باسە سەرۆكایەتی حكوومەتی دەست لەكار كێشاوەی عێراق و سەرۆكایەتی پەرلەمانی ئەم وڵاتە خەریكی پرۆژە یاسایەكن بۆ ناچاركردنی هێزەكانی ئەمریكا و هێزە بیانیەكانی تر بە چوونە دەرەوە لە خاكی ئەم وڵاتە.
باسنيوز