كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی عەبدولمەهدی دەستی پێكرد

كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی عەبدولمەهدی دەستی پێكرد
پێش كەمێك كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق دەستی پێكرد و ژمارەی یاسایی پەرلەمانتاران ئامادەی كۆبوونەوەكەن و عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی دەست لەكار كێشاوەش بەشداری كۆبوونەوەكەیە و فراكسیۆنەكانی كورد و سونه‌كانیش بایكۆتی كۆبوونه‌وه‌كه‌یان كردووه‌..

لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان بەخێرهاتنی سەرۆك وەزیرانی كرد.

ئێستاش سەرۆك وەزیرانی دەست لەكار كێشاوە وتارێك پێشكەش دەكات.

عه‌بدولمه‌هدی لە سەرەتای وتارەكەیدا داوای لە پەرلەمانتاران كرد قسەی پێنەبڕن، نیگەرانی خۆیشی بۆ كوژرانی سەركردەكانی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی دەربڕی.

سەرۆك وەزیرانی دەست لەكار كێشاوە لە وتارەكەیدا باس لە هەردوو تەوەری كوژرانی كەسایەتییەكانی حەشدی شەعبی و پرسی ده‌ركردنی هێزە بیانییەكان له‌ عێراق دەكات.

جێی باسە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق بە مەبەستی تاوتوێكردن و تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای دەرکردنی هێزە بیانییەکانە لە عێراق.

پرۆژەیاساکە لەژێر رۆشنایی بڕگەی دووەمی ماددەی 59، ماددەی 1 و ماددەی 109ـی دەستووری هەمیشەیی عێراق و دوای کوشتنی ئەبو مەهدی موهەندیس و قاسم سولەیمانی لە فڕۆکەخانەی بەغدا، ئامادە کراوە.

بەپەسەندکردنی ئەو پرۆژەیاسایە، کە لە بەرنامەی کاری ئەمڕۆ یەکشەممە 5-1-2020ـی پەرلەمانی عێراقدایە، هەموو هێزە بیانییەکان لە عێراق دەردەکرێن و کۆتایی بە کاری هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە عێراق، دەهێندرێت.

ناوەڕۆکی خاڵەکانی پرۆژەیاساکە:

- ناچارکردنی حکوومەتی عێراق بە هەڵوەشاندنەوەی داوای هاوکاریکردن لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، بەهۆی ئەوەی شەڕی دژی داعش تەواو بووە، بەمەش لەسەر حکوومەتی عێراق پێویستە هەموو هێزە بیانییەکان لە عێراق دەربکات.

- پێویستە حکوومەت و فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ژمارەی ئەو راوێژکار و راهێنەرە سەربازییە نێودەوڵەتییانە ئاشکرا بکات، کە پێویستی پێیانە و دەبێ شوێنی کار و ئەرک و ماوەی کارەکەشیان دیاری بکات.

- پێویستە وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سکاڵا لە دژی ”پێشێلکارییە مەترسیدارەکانی ئەمریکا بۆ سەر سەروەریی و ئاسایشی عێراق“، پێشکەش بکات.

- ئەو یاسایە لە رۆژی پەسەندکردنییەوە جێبەجێ دەکرێت.

بەرەبەیانی رۆژی هەینی 3-1-2020، سوپای ئەمریکا لەڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، کاروانێکی چەکداریی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی بەغدا بۆردومان کرد.

بەهۆی بۆردومانەکەوە، هەریەکە لە ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و نۆ بەرپرس و چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی، کوژران.

قاسم سولەیمانی، کە لە 11-3-1957 لە گوندی قەنات مەلەک لە شاری کرمان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران لە دایک بووە. سولەیمانی یەکێک بوو لە فەرماندە و بڕیاربەدەستە باڵاکانی ئێران.












باسنيوز

Top