پرۆژەیاسای دەرکردنی هێزە بیانییەکان لە عێراق
پرۆژەیاساکە لەژێر رۆشنایی بڕگەی دووەمی ماددەی 59، ماددەی 1 و ماددەی 109ـی دەستووری هەمیشەیی عێراق و دوای کوشتنی ئەبو مەهدی موهەندیس و قاسم سولەیمانی لە فڕۆکەخانەی بەغدا، ئامادە کراوە.
بەپەسەندکردنی ئەو پرۆژەیاسایە، کە لە بەرنامەی کاری ئەمڕۆ یەکشەممە 5-1-2020ـی پەرلەمانی عێراقدایە، هەموو هێزە بیانییەکان لە عێراق دەردەکرێن و کۆتایی بە کاری هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە عێراق، دەهێندرێت.
ناوەڕۆکی خاڵەکانی پرۆژەیاساکە:
- ناچارکردنی حکوومەتی عێراق بە هەڵوەشاندنەوەی داوای هاوکاریکردن لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، بەهۆی ئەوەی شەڕی دژی داعش تەواو بووە، بەمەش لەسەر حکوومەتی عێراق پێویستە هەموو هێزە بیانییەکان لە عێراق دەربکات.
- پێویستە حکوومەت و فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ژمارەی ئەو راوێژکار و راهێنەرە سەربازییە نێودەوڵەتییانە ئاشکرا بکات، کە پێویستی پێیانە و دەبێ شوێنی کار و ئەرک و ماوەی کارەکەشیان دیاری بکات.
- پێویستە وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سکاڵا لە دژی ”پێشێلکارییە مەترسیدارەکانی ئەمریکا بۆ سەر سەروەریی و ئاسایشی عێراق“، پێشکەش بکات.
- ئەو یاسایە لە رۆژی پەسەندکردنییەوە جێبەجێ دەکرێت.
بەرەبەیانی رۆژی هەینی 3-1-2020، سوپای ئەمریکا لەڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، کاروانێکی چەکداریی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی بەغدا بۆردومان کرد.
بەهۆی بۆردومانەکەوە، هەریەکە لە ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و نۆ بەرپرس و چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی، کوژران.
قاسم سولەیمانی، کە لە 11-3-1957 لە گوندی قەنات مەلەک لە شاری کرمان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران لە دایک بووە. سولەیمانی یەکێک بوو لە فەرماندە و بڕیاربەدەستە باڵاکانی ئێران.
باسنيوز