دیوانییە.. خۆپیشاندەران سێ رێگای سەرەکی و فەرمانگەکان دادەخەن
خۆپیشاندانەکانی عێراق دژی خراپیی بارودۆخی ژیان و نەبوونی پێداویستییە سەرەکییەکان، دەست پێدەکەنەوە.
بەپێیهەواڵی میدیا عێراقییەکان، ئەمڕۆ یەکشەممە 5-1-2020، خۆپیشاندەرانی شاری دیوانییەی باشووری عێراق سێ رێگای سەرەکیی شارەکەیان داخستووە.
جگە لە رێگاکان، خۆپیشاندەران زۆرینەی فەرمانگە حکوومییەکانی شارەکەشیان داخستووە.
خۆپیشاندانەکان لە سەرەتای مانگی 10ـی 2019 دەستیا پێ کرد، بەڵام بەهۆی کوژرانی ئەبو مەهدی موهەندیس و قاسم سولەیمانی، چەند رۆژێک خۆپیشاندانەکان راگیران و ئەمڕۆ یەکشەممە دەستیان پێ کردەوە.
قاسم سولەیمانی لە 11-3-1957 لە گوندی قەنات مەلەک لە شاری کرمان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران لە دایک بووە.
بەرەبەیانی رۆژی هەینی 3-1-2020، سوپای ئەمریکا لەڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، کاروانێکی چەکداریی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی بەغدا بۆردومان کرد.
بەهۆی بۆردومانەکەوە، هەریەکە لە ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و نۆ بەرپرس و چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی، کوژران.
خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 2-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری، دەستیان پێ کرد.
بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 500 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس و ژمارەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوە دان.
باسنیووز