میلیشیایەکی حەشدی شەعبی دەخرێتە ناو لیستی تیرۆرەوە بە ”بەکرێگیراوی ئێران“ ناو دەبرێت
میلیشیایەکی حەشدی شەعبی دەخرێتە ناو لیستی تیرۆرەوە بە ”بەکرێگیراوی ئێران“ ناو دەبرێت.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، کە وڵاتەکەی میلیشیای عەسایب ئەهلی حەقی خستووەتە ناو لیستی رێکخراوە تیرۆریستییە بیانییەکان.
وەزارەتەکە عەسایب ئەهلی حەق، کە یەکێژە لە میلیشیا بەهێزەکانی حەشدی شەعبی، بە ”بەکرێگیراوی ئێران“ ناو دەبات.
ئەو بڕیارەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دوای کوشتنی ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لەلایە فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکاوە، دێت.
عەسایب ئەهلی حەق لەلایەن قەیس خەزعەلییەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، کە بەردەوام دژایەتیی خۆی بۆ ئەمریکا دەردەبڕێت و داوای دەرکردنی هێزەکانی ئەو وڵاتە لە عێراق، دەکات.
دوای رووداوەکانی بەغدا، قەیس خەزعەلی هەڕەشەی کرد و رایگەیاند، ئیسرائیل لەسەر نەخشە دەسڕنەوە و کۆتایی بە بوونی هێزەکانی ئەمریکا لەسەر خاکی عێراق دەهێنن.
بەرەبەیانی رۆژی هەینی 3-1-2020، سوپای ئەمریکا لەڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، کاروانێکی چەکداریی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی بەغدا بۆردومان کرد.
بەهۆی بۆردومانەکەوە، هەریەکە لە ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و نۆ بەرپرس و چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی، کوژران.
حەشدی شەعبی لە زیاتر لە 60 گرووپ و میلیشیای تائیفیی توندڕەو پێک دێت، کە دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق و داگیرکردنی نزیکەی نیوەی خاکی ئەو وڵاتە لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستی داعش، بە فەرمانی ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق پێک هات.
چەکدارانی ئەو میلیشیایانە، کە زۆرینەیان فەرمان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران وەردەگرن، گوێ بە هیچ یاسا و دابونەریتێک نادەن و بە توندترین و خراپترن شێوە مامەڵە لەگەڵ هاووڵاتییانی عێراق، بەتایبەت پارێزگا سوننەنشینەکان، دەکەن.
لە مانگی 6ـی 2014، نزیکەی دوو هەزار چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش هێرشیان کردە سەر شاری مووسڵ و لە ماوەی چەند رۆژێکدا، هەرەسیان بە سوپای عێراق هێنا و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.
باسنیوز