حەشدی شەعبی روونکردنەوە لەبارەی ”کوژران“ی سێ سەرکردەی دیکە دەدات
دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی روونکردنەوە لەبارەی هەواڵی کوژرانی سێ سەرکردەی باڵای میلیشیاکان، دەدات.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 4-1-2020، بەشێک لە میدیا عێراقییەکان بڵاویان کردەوە، کە هەریەکە لە حامد جەائیری، رائید ئەلکوڕەوی و شەبل زەیدی، سەرکردەکانی حەشدی شەعبی، بەهۆی بۆردومانێکی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا، لە باکووری بەغدا کوژراون.
دەستەی حەشدی شەعبی لە بەیاننامەیەکدا، کوژرانی ئەو سێ سەرکردەیەی رەت کردووەتەوە و داوای لە میدیاکانی وڵاتەکەی کردووە ”هەواڵی درۆ“ بڵاو نەکەنەوە.
هەر لە بەیاننامەکەدا، دەستەی حەشدی شەعبی دانی بەوەدا ناوە، کە کاروانێکی پزیشکیی میلیشیاکان، لە نزیک یاریگای تاجی لە بەغدا، لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانەوە کراوەتە ئامانج.
حەشدی شەعبی لە زیاتر لە 60 گرووپ و میلیشیای تائیفیی توندڕەو پێک دێت، کە دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق و داگیرکردنی نزیکەی نیوەی خاکی ئەو وڵاتە لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستی داعش، بە فەرمانی ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق پێک هات.
چەکدارانی ئەو میلیشیایانە، کە زۆرینەیان فەرمان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران وەردەگرن، گوێ بە هیچ یاسا و دابونەریتێک نادەن و بە توندترین و خراپترن شێوە مامەڵە لەگەڵ هاووڵاتییانی عێراق، بەتایبەت پارێزگا سوننەنشینەکان، دەکەن.
لە مانگی 6ـی 2014، نزیکەی دوو هەزار چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش هێرشیان کردە سەر شاری مووسڵ و لە ماوەی چەند رۆژێکدا، هەرەسیان بە سوپای عێراق هێنا و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.
باسنیوز