پەرلەمانی عێراق دژی هێرشەکەی ئەمریکا کۆ دەبێتەوە
بڕیاربوو کۆبوونەوەکە لەسەر داوای حەسەن کەعبی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رۆژی شەممە 4-1-2020 ساز بکرێت، بەڵام سەرۆکایەتیی پەرلەمان کۆبوونەوەکەی بۆ رۆژی یەکشەممە 5-1-2020 دواخست.
سەرۆکایەتیی پەرلەمان دواخستنی کۆبوونەوەکەی بۆ سەرقاڵیی بەشێک لە ئەندامانی پەرلەمان بە رێوڕەسمەکانی بەخاکسپاردنی تەرمی ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، گەڕاندەوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا، پەرلەمانی عێراق گفتوگۆ لەبارەی هێرشی ئاسمانیی ئەمریکا و کوشتنی ئەبومەهدی موهەندیس و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی و چۆنێتیی دەرکردنی هێزە ئەمریکییەکان لە عێراق، دەکات.
حەسەن ئالی، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق بە (باسنیوز)ی راگەیاند، کۆبوونەوەکە نائاساییە و تا ئێستا دیار نییە فراکسیۆنە کوردستانییەکان بەشداریی دەکەن یان نا؟
حەسەن ئالی پێی باش نییە پەرلەمانتارانی کورد دژی دەنگدان بە پرۆژەی دەرکردنی هێزە ئەمریکییەکان بێت، بەڵام بۆ دوابڕیار، ”چاوەرێ سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان دەکەین“.
بەرەبەیانی رۆژی هەینی 3-1-2020، سوپای ئەمریکا لەڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، کاروانێکی چەکداریی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی بەغدا بۆردومان کرد.
بەهۆی بۆردومانەکەوە، هەریەکە لە ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و نۆ بەرپرس و چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی، کوژران.
باسنيوز