کەنەداش داوای دەرچوون لە عێراق لە هاووڵاتیانی دەکات
حکوومەتی کەنەدا داوای دەرچوون لە عێراق لە هاووڵاتیانی وڵاتەکەی دەکات.
وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا رێنوێنییەکانی گەشتکردن بۆ هاووڵاتییانی وڵاتەکەی نوێ کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەکردووە، کە باری ئەمنی لە ئێران و عێراق ”بەرەو خراپتر دەچێت و هەڕەشەی بەردەوام لەسەر بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی رۆژئاوا، هەیە“.
هەرچەندە حکوومەتی کەنەدا لە سەرەتای خۆپیشاندانەکانی عێراقەوە (لە سەرەتای مانگی 10ـی 2019 دەستیان پێکرد و سێ مانگ بەردەوام بوون) داوای لە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی کردووە سەردانی عێراق نەکەن، بەڵام لە رێنوێنییە نوێیەکاندا جەختی لەوە کردووەتەوە، کە پێویستە ئەو هاووڵاتییە کەنەدییانەی لە عێراق ماون، بیر لە دەرچوون لەو وڵاتە بکەنەوە.
داواکردنی دەرچوون لە هاووڵاتییەکانی وڵاتەکەی لەلاین حکوومەتی کەنەداوە، بەهۆی پێشهاتەکانی ئەم دواییەی عێراق و کوشتنی سەرکردەکانی حەشدی شەعبی و سوپای پاسدارانی ئێرانەوە بووە، کە بە هەمان هۆکاروە، پێشتر وڵاتانی ئەمریکا، هۆڵەندا و ئەڵمانیا هەمان داواکارییان ئاراستەی هاووڵاتیانیان کرد.
بەرەبەیانی رۆژی هەینی 3-1-2020، سوپای ئەمریکا لەڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، کاروانێکی چەکداریی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی بەغدا بۆردومان کرد.
بەهۆی بۆردومانەکەوە، هەریەکە لە ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و نۆ بەرپرس و چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی، کوژران.
باسنيوز