وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوا لە هاووڵاتیانی دەکات سەردانی عێراق نەکەن
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە داخوازییەکەیدا ڕوو بە هاووڵاتیانی خۆی دەڵێت سەفەر بۆ عێراق، لە بەرزترین ئاستی هۆشداردایە کە پێی دەگوترێت سەفەری پلە چوار.
لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا هاتووە: "هاووڵاتیانی ئەمریکا لە عێراق لەژێر مەترسیی توندوتیژی و ڕفاندندان. زۆرێک لە گرووپە تیرۆریستییەکان لە عێراق چالاکن و بەردەوام هێرش دەکەنە سەر هێز ئەمنییەکان و هاووڵاتیانی مەدەنیی عێراق. میلیشیا و گرووپە مەزهەبییە دژە ئەمریکییەکانیش لەوانەیە ببنە مەترسی بۆ هاووڵاتیانی ئەمریکی و کۆمپانیا ڕۆژئاواییەکان بخەنە مەترسییەوە.
ڕۆژی سێشەممە 2019.12.31 باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغدا کەوتە بەر پەلاماری لایەنگرانی حەشدی شەعبی و کەتایبی حزبوڵای عێراق و زیانێکی زۆرێ پێ کەوت و ئەمەش بووە هۆی گرژی و ئاڵۆزیی نێوان هەر دوو وڵات و ئەمریکاش بە بڕیارێک و لە ئەنجامی هێرشە تیرۆریستیی گرووپەکانی لایەنگری ئێران، بۆ کاتێکی نادیار هەموو چالاکییەکانی باڵوێزخانەکەی لە بەغدا ڕاگرت.
بەڵام کونسولگەریی ئەمریکا لە هەولێر کراوەیە و هەموو کارە دیپلۆمادیکەکان ڕادەپەڕێنێت.
ڕێکەوتی 18ی ئۆکتۆبەری 2018ش وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە بڕیارێک هەموو چالاکییەکانی لە کونسولگەریی بەسرە هەڵپەسارد.
باسنيوز