پۆمپێیۆ به‌ ته‌له‌فۆن په‌یوه‌ندی به‌ عادل عه‌بدولمه‌هدییه‌وه‌ ده‌كات

پۆمپێیۆ به‌ ته‌له‌فۆن په‌یوه‌ندی به‌ عادل عه‌بدولمه‌هدییه‌وه‌ ده‌كات
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 2/1/2020 بڵاویكرده‌وه‌، مایك پۆمپێیۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، به‌ ته‌له‌فۆن په‌یوه‌ندی به‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی كردووه‌ و باسی هێرشه‌كه‌ی سه‌ر باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكایان كردووه‌.

مۆرگان ئۆرتاگۆس، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند، پۆمپێیۆ به‌ توندی هێرشه‌كه‌ی سه‌ر باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكای سه‌رۆكۆنه‌ كردووه‌ و ئه‌وه‌شی به‌بیرهێناوه‌ته‌وه‌ حكومه‌تی عێراق به‌رپرسه‌ له‌ پاراستنی باڵیۆزخانه‌ و نوێنه‌رایه‌تی وڵاتان.

به‌ گوێره‌ی لێدوانی گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌، پۆمپێیۆ ئاماژه‌ی به‌و رێكارانه‌ كرد كه‌ حكومه‌تی عێراق گرتوویه‌ته‌ به‌ر و داواشی لێكردووه‌، پابه‌ندی پاراستنی نوێنه‌رایه‌تی دیپلۆماسی ئه‌مه‌ریكا بێت.

رۆژی 31/12/2019، لایه‌نگرانی حه‌شدی شه‌عبی و حزبوڵڵای عێراق، له‌ به‌رده‌م باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ ناوچه‌ی سه‌وزی به‌غدا گردبوونه‌وه‌ و دواتریش هه‌ڵیانكوتایه‌ سه‌ر باڵیۆزخانه‌كه‌.

هۆكاره‌كه‌شی بۆردومانكردنی چه‌كدارانی حزبوڵڵایه‌ به‌ فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه‌، كه‌ رۆژی 29/12/2019 پێگه‌كانی ئه‌و گرووپه‌ی له‌ سه‌ر سنووری نێوان عێراق و ئێران بۆردومان كردبوو و به‌هۆیه‌وه‌ 28 چه‌كدار كوژران و 48ی دیكه‌ش برینداربوون.





K24
Top