دۆستانی ئێران و ئه‌مه‌ریكا شه‌قامه‌كانی به‌غدا دابه‌ش ده‌كه‌ن

دۆستانی ئێران و ئه‌مه‌ریكا شه‌قامه‌كانی به‌غدا دابه‌ش ده‌كه‌ن
خۆپیشانده‌رانی عێراقی، ئه‌وانه‌ی له‌ سه‌ره‌تای مانگی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی رابردووه‌وه‌ دژی حكوومه‌ت و هه‌ژموونی ئێران له‌ عێراق هاتوونه‌ته‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان و داوای گۆڕانكاریی ریشه‌یی ده‌كه‌ن، به‌ هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ به‌غدا نیگه‌رانن و به‌توندی سه‌ركۆنه‌ی ئه‌و هه‌ڵسوكه‌وتانه‌ی لایه‌نگران و چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی ده‌كه‌ن.

له‌ به‌سره‌وه‌ تا ده‌گاته‌ مه‌یدانی ته‌حریری به‌غدا، شه‌وی چوارشه‌ممه‌ ئه‌م درووشمه‌یان ده‌گووته‌وه‌ "ئه‌وانه‌ی چوونه‌ته‌ ناوچه‌ی سه‌وزه‌وه‌ له‌ ئێمه‌ نیین"، چونكه‌ له‌ رۆژی سێشه‌ممه‌وه‌ ئه‌ندامانی گرووپه‌ جیاوازه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی وه‌ك پاڵپشتیی چه‌كدارانی حزبوڵڵای عێراق كه‌ به‌ر بۆمببارانی فڕۆكه‌كانی ئه‌مه‌ریكا كه‌وتن له‌ رۆژئاوای عێراق و رۆژهه‌ڵاتی سووریا، په‌لاماری باڵیۆزخانه‌كه‌ ده‌ده‌ن و داوا ده‌كه‌ن ئه‌مه‌ریكییه‌كان له‌ عێراق بچنه‌ ده‌ره‌وه‌".

چالاكوانان ڤیدیۆیه‌كیان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كاتێك خۆیشانده‌رانی به‌سره‌ به‌ ده‌نگی به‌رز دهڵێن: "ئه‌وانه‌ی دوێنێ چوونه‌ ناوچه‌ی سه‌وزه‌وه‌ له‌ ئێمه‌ نیین".

خۆپیشانده‌رانی مه‌یدانی ته‌حریریی به‌غداش ته‌ئكیدیان كردووه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ی له‌ ناوچه‌ی سه‌وزی به‌غدا و ده‌وروبه‌ری باڵیۆزخانه‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا روویداوه‌، نه‌ نوێنه‌رایه‌تی ئه‌وان ده‌كه‌ن و نه‌ داواكارییه‌ ره‌واكانی خۆپیشانده‌ران پێچه‌وانه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌.

ئه‌وانه‌ی په‌لاماری باڵیۆزخانه‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا ده‌ده‌ن، ئه‌ندام و لایه‌نگری ئه‌و گرووپانه‌ی حه‌شدی شه‌عبین كه‌ به‌ قسه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ ئێرانه‌وه‌ ئاراسته‌ ده‌كرێن. ته‌نانه‌ت مایك پۆمپییۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ تویته‌ره‌وه‌ وێنه‌ی قه‌یس خه‌زعه‌لی، ئه‌مینداری گشتی عه‌سائیبی ئه‌هلولحه‌ق و ئه‌بومه‌هدی موهه‌ندیس، جێگری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی بڵاوكرده‌وه‌ و به‌ تیرۆریست و هادی عامری، ئه‌مینداری گشتی رێكخراوی به‌در و فالح فه‌یاز، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبیشی به‌ بریكاری ئێران ناوبرد و به‌ هاندانی ئه‌و پشێوییه‌ تۆمه‌تباریكردن.

به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكا ده‌ڵێن: "له‌ دوو مانگی رابردوودا 11 جار به‌ مووشه‌ك هێرش كراوه‌ته‌سه‌ر ئه‌و پێگه‌ و بنكه‌ سه‌ربازیی و ئه‌منییانه‌ی عێراق كه‌ هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكایان تێدایه".

ته‌نانه‌ت دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا ئیرانی تۆمه‌تبار كرد و گووتی: "ئێران به‌ڵێنده‌ره‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كه‌ی له‌ كه‌ركووك كوشتووه‌ و به‌ فه‌رمانی ده‌سه‌ڵاتدارانی تاران هێرش كراوه‌ته‌سه‌ر سه‌ربازگه‌ی كه‌ی وه‌ن".

هه‌ر بۆیه‌ له‌ تۆڵه‌ی ئه‌و هێرشانه‌دا ئێواره‌ی رۆژی 29/12/2019، فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا 5 بنكه‌ی سه‌ربازیی كه‌تیبه‌كانی حزبوڵڵای عێراقی كرده‌ ئامانج و له‌ لیواكانی 45 و 46 زیاتر له‌ 25 چه‌كداری كوشت و 50 كه‌سی دیكه‌شی بریندار كرد.

به‌ڵام لایه‌نگران و ئه‌ندامانی گرووپه‌ جۆراوجۆره‌كانی ناو حه‌شدی شه‌عبی ده‌ڵێن: "ئه‌مه‌ریكییه‌كان بكوژن‌ و ده‌بێت له‌ خاكی عێراق بچنه‌‌ ده‌ره‌وه‌، هه‌ر بۆیه‌ چه‌ند رۆژێكه‌ به‌ چڕی په‌لاماری باڵیۆزخانه‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ به‌غدای پایته‌خت ده‌ده‌ن".




K24
Top