پۆمپەیۆ: پلانی چۆڵکردنی باڵیۆزخانە و کشاندنەوەی پێنج هەزار سەربازەکەمان لە عێراق نییە

پۆمپەیۆ: پلانی چۆڵکردنی باڵیۆزخانە و کشاندنەوەی پێنج هەزار سەربازەکەمان لە عێراق نییە
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، لە پلانیاندا نییە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا چۆڵبکەن یاخود پێنج هەزار سەربازەکەیان لە عێراق بکشێنەوە.

گوتەکانی مایک پۆمپەیۆ لەگەڵ میدیای ئەمریکی رۆژێک دوای هێرشی لایەنگرانی حەشدی شەعبی دێت بۆ سەر باڵیۆزخانەکەیان لە عێراق کە سووتانی بەشێکی باڵەخانەکە و شکانی جامەکانی لێکەوتەوە.

قەیس خەزعەلی، سەرکردەی کەتائیبی ئەهلی حەق و هادی عامری، سەرکردەی رێکخراوی بەدر کە لەلایەن ئەمریکاوە خراونەتە لیستی تیرۆر، لە بەرەی خۆپیشانی رۆژی سێ شەممەبوون کە کرایە سەر کۆنسوڵخانەی ئەمریکا.

مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند "ئەوەی بینیتان، تیرۆرستان بوون کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتیان دەکرێت. هەندێکیان ئەو تیرۆرستانەن کە لەلایەن ئەمریکاوە خراونەتە لیستی تیرۆرەوە و لەگەڵ ئەوانی دیکەش کە چوونە نێو باڵیۆزخانەی ئەمریکا و هەڕەشەیان لەسەر دیپلۆماتکار و کەسە ئەمریکییەکان درووستکرد".

ئەمریکا لەسەردەمی ئیدارەی باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووی ئەمریکادا رێککەوتنی ئەتۆمیی لەگەڵ ئێراندا کرد، بەڵام لە سەردەمی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپدا ئەمریکا لەو رێککەوتنە کشایەوە.

پۆمپەیۆ ئاماژەی بەوە کرد، "ئەمە 40 ساڵە کۆماری ئیسلامی ئێران کامپەینی تیرۆرستیی جیهانیی بەڕێوەدەبات. خەونی ئەتۆمیان هەیە و ئەمڕۆ توانای پیتاندنی ئەتۆمیان هەیە. کە ئێمە هاتین ئیدارەی پێش خۆمان پارەی زۆری پێدابوون کە لە بەرنامەی ئەتۆمیدا بەکارهات. پارەیەکی زۆر بو کە بۆ کاری تیرۆرستی لە سەرتاسەری جیهان بۆ پەرەپێدانی بەرنامەی مووشەکیی خۆیان بەکارهات".

سزاکانی سەر ئێران کاریگەریی زۆریان لەسەر ئابووریی ئەو وڵاتە دروستکردووە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی داهاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەهۆی سزاکانەوە کەمیکردووە و جووڵەی بازرگانیش لاواز بووە کە بووە مایەی ئەوەی حکومەتی ئێران نرخی بەنزین بۆ سێ هێندە زیادبکات.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەوەی خستەڕوو "تێڕوانینی ئیدارەی ترەمپ تەواو جیاوازە. ئێمە گوشاری راستەقینە دەخەینە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران. بەردەوامیش دەبین".

رۆژی یەکشەممە 29-12-2019 وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، پێنج هێرشیان کردووەتە سەر بنکەکانی کەتایبی حیزبوڵڵای عێراقی لە سووریا و عێراق. پێشتر حەشدی شەعبی رایگەیاند کە هێرشەکە لەڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بووە، بەڵام سەرچاوەیەکی ئەمریکی بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە کە هێرشەکە لەڕێگەی فڕۆکەی ئێف 15وە بووە.

رۆژی سێشەممە 31-12-2019 لایەنگرانی حەشدی شەعبی لە کاردانەوەی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حەشدی شەعبی، هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا، بەشێکیان سووتاند و داوایانکرد باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق داخرێت، هاوکات درووشمی "مەرگ بۆ ئەمریکا" و چەندین درووشمی دیکەی دژ بە ئەمریکایان بەرزکردەوە.
Top