ساڵی 2019 زیاتر لە ملیۆنێک و 350 هەزار ئاوارە لە عێراق گەڕاونەتەوە

ساڵی 2019 زیاتر لە ملیۆنێک و 350 هەزار ئاوارە لە عێراق گەڕاونەتەوە
وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، لە ساڵی 2019دا زیاتر لە ملیۆنێک و 350 هەزار ئاوارەی عێراقی گەڕاونەتەوە ناوچەكانیان.

عەلی عەباس، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی كاروباری لقەكان لە وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، "لە كۆی 240 هەزار و 140 خێزان لە كەمپی ئاوارەكان لە پارێزگاكانی عێراق، لە ساڵی 2019دا زیاتر لە ملیۆنێک و 350 هەزار ئاوارەی عێراقی گەڕاونەتەوە ناوچەكانیان".

عەلی عەباس ئاماژەی بەوە کرد "89 هەزار و 224 خێزانی ئاوارەی سنووری پارێزگای ئەنبار گەڕاونەتەوە ناوچەكانیان، 61 هەزار و 55 خێزان پارێزگای سەڵاحەدین گەڕاونەتەوە ناوچەكانیان، 44 هەزار و 383 خێزان لە پارێزگای نەینەوا گەڕاونەتەوە ناوچەكانیان".

بەهۆی هێرشی داعش و شەڕی ئایفییەوە بۆ سەر شارەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق، ملیۆنان هاووڵاتیی عێراقی ئاوارەی شارەکانی هەرێمی کوردستان بوون. ئێستا دوای نەمانی مەترسیی داعش لەسەر ناوچەکانیان، دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان.

عەلی عەباس ئەوەیشی خستەڕوو، "19 هەزار و 132 خێزانی ئاوارەی كەركووك، 13 هەزار و 926 خێزانی ئاوارەی پارێزگای دیالە گەڕاونەتەوە ناوچەكانیان. هەروەها سێ هەزار و 420 خێزانی ئاوارەی ناوچەكانی دەوروبەری بەغدا گەڕاونەتەوە ناوچەكانیان".

وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق دەڵێت، لە چوارچێوەی بەرنامەی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانیان، پرۆسەکە بە هاوئاهەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەكان بەردەوامدەبێت.
Top