پۆمپییۆ: ئه‌م تیرۆریستانه‌ پلانی هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر باڵیۆزخانه‌یان داڕشتووه‌

پۆمپییۆ: ئه‌م تیرۆریستانه‌ پلانی هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر باڵیۆزخانه‌یان داڕشتووه‌
مایك پۆمپێیۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، وێنه‌ی 4 سه‌ركرده‌ی عێراقی بڵاوكرده‌وه‌ و ده‌ڵێت: "ئه‌م تیرۆریستانه‌ پلانی هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر باڵیۆزخانه‌یان داڕشتووه‌".

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر، وێنه‌ی فالح فه‌یاز، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی، ئه‌بومه‌هدی موهه‌ندیس، جێگری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی و دامه‌زرێنه‌ر حزبوڵڵای عێراق، هادی عامری سه‌رۆكی رێكخراوی به‌در و قه‌یس خزعه‌لی سه‌رۆكی گرووپی میلیشیای عه‌سائیبی ئه‌هلولحه‌قی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌.

پۆمپیۆ جیاوازی له‌نێوان فالح فه‌یاز و هادی عامری ده‌كات له‌گه‌ڵ ئه‌بومه‌هدی موهه‌ندیس و قه‌یس خزعه‌لی و له‌گه‌ڵ وێنه‌كه‌دا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، موهه‌ندیس و خزعه‌لی تیرۆریستن و عامری و فه‌یازیش به‌ بریكاری ئێران وه‌سف ده‌كات.

رۆژی چوارشه‌ممه‌، 31/12/2019، لایه‌نگرانی حزبوڵڵای عێراق له‌ به‌رده‌م باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ به‌غدا گردبوونه‌وه‌ و ناڕه‌زاییان له‌ دژی بۆردومانكردنی بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانی حزبوڵڵا ده‌ربڕی، كه‌ رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی رابردوو، ئه‌مه‌ریكا به‌ فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان بۆردومانی كردن.

له‌ ئاكامی بۆردومانه‌كه‌ش، 28 چه‌كدار كوژران و نزیكه‌ی 48 چه‌كداری دیكه‌ش برینداربوون.



K24
Top