عێراقییەکان ساڵێکی خوێناوییان بەڕێ کرد
لە ساڵی ٢٠١٩دا کابینەکەی حکوومەت پێک هێنرا و سەرۆکوەزیر دانرا و هەر لەو ساڵەشدا بە گوشاری خۆپێشاندەران سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستی لەکار کێشایەوە. خەلەف شەرەفانی، چاودیری سیاسی دەڵێ: "ڕەوشی عێراق زۆر خراپ بووە و سیستمی بەڕێوەبردنی عێراق لەدەست عێراقییەکان دەرچووە." عێراقییەکان لە مانگی ١٠ی ساڵی ٢٠١٩دا لە دژی نەبوونی خزمەتگوزاری و ناعەداڵەتی و کەڵەکەبوونی کێشەکانی چەندین ساڵ حوکمڕانیی عێراق دەستیان بە خۆپێشاندانی ناڕەزایەتی کرد.
خەلەف شەرەفانی گوتی: "خۆپێشاندەرانیش بوونەتە دوو بەش و زۆر قورسە لیک جیا بکرێنەوە، هەندێکیان داوای خزمەتگوزاری دەکەن و هەندێکیشیان چەکدارن و ئەندامی حزبەکانن.'' لە شاری مووسڵ، جگە لەوەی کە شارێکی وێران بووە، ساڵی ٢٠١٩ لە شاری گەشتیاریی مووسڵ بەلەمێک نقووم بوو، کە بە هۆیەوە زیاتر لە ١٠٠ کەس ژیانیان لەدەست دا.
خەلەف شەرەفانی گوتیشی: "ساڵی ٢٠٢٠ درێژەپێدەری ساڵی ٢٠١٩ دەبێت، چونکە هەموو پێکەوە بەستراون و ئەوەی ئەمساڵیشس ڕووی دا، کەڵەکەبووی ساڵی ڕابردوو بوو."