عه‌بادی ده‌ستپێشخه‌ریه‌ك بۆ چاره‌سه‌رکردنی قه‌یرانه‌كانی عێراق راده‌گه‌یه‌نێت

عه‌بادی ده‌ستپێشخه‌ریه‌ك بۆ چاره‌سه‌رکردنی قه‌یرانه‌كانی عێراق راده‌گه‌یه‌نێت
سەرۆکی هاوپەیمانی نەسر و سەرۆك وەزیرانی پێشوی عێراق ده‌ستپێشخه‌ریه‌ك به‌ئامانجی كۆتاییهێنان به‌قه‌یرانی سیاسی عێراق راده‌گه‌یەنێت، دەڵێت، بۆ ماوه‌ی ساڵێك حكومه‌تێكی كاتی به‌ سه‌رۆكایه‌تی كه‌سێكی بێلایه‌ن كه‌ نوێنه‌رایه‌تی خۆپیشانده‌ران بكات پێكبهێندرێت.

نوسینگه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی، سەرۆکی هاوپەیمانی نەسر و سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشوی عێراق بڵاویكرده‌وه‌، "عه‌بادی ده‌ستپێشخه‌ریه‌كی نیشتیمانی خستوەته‌ به‌رده‌م لایه‌نه‌كان بۆ كۆتاییهێنان به‌قه‌یرانه‌كانی ئێستای عێراق".

حكومه‌تێكی كاتی تا 15ی دیسه‌مبه‌ری ساڵی داهاتو پێكبهێندرێت، كه‌سێكی بێلایه‌ن و سه‌ربه‌خۆ به‌ به‌رنامه‌یه‌كی كاتی و سنوردار سه‌رۆكایه‌تی بكات


جه‌ختیكردوەته‌وه‌، حكومه‌تێكی كاتی تا 15ی دیسه‌مبه‌ری ساڵی داهاتو پێكبهێندرێت، كه‌سێكی بێلایه‌ن و سه‌ربه‌خۆ به‌ به‌رنامه‌یه‌كی كاتی و سنوردار سه‌رۆكایه‌تی بكات، به‌جۆرێك نوێنه‌رایه‌تی خۆپیشانده‌ران بكات، یاریده‌رده‌رێكیشی بۆ كاروباری خۆپیشاندانه‌كان هه‌بێت تا دڵنیایی له‌سه‌ر جێبه‌جێكردن و به‌دواداچون بۆ خواسته‌كانی خۆپیشانده‌ران و شه‌قامی عێراق بدرێت.

لە 25ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵەوە خۆپیشاندان لە بەغدای پایتەخت و شارەکانی دیکەی باشوری عێراق بەڕێوەدەچێت، بەپێی راپۆرتی کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤیش تا ئێستا نزیکەی 500 خۆپیشاندەر کوژراون و زیاتر لە 22 هەزار کەسیش برینداربون.

دوای زیاتر لە مانگێک لە خۆپیشاندان، 29ی مانگی رابردو عادل عەبدولمەهدی نامەی دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەشی پەرلەمانی عێراق کرد


دوای زیاتر لە مانگێک لە خۆپیشاندان، 29ی مانگی رابردو عادل عەبدولمەهدی، لەوەڵامی داواکەی عەلی سیستانی، مەرجەی باڵای شیعەکانی عێراق نامەی دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەشی پەرلەمانی عێراق کرد و یەکی ئەم مانگەش پەرلەمان پەسەندیکرد.

عه‌بادی له‌ ده‌ستپێشخه‌ریه‌كه‌یدا باسی لەوەشکردوە، حكومه‌تی نوێ ده‌ست به‌هه‌نگاوه‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌كوشتنی خۆپیشانده‌ران و ئه‌نجامدانی توندوتیژیه‌كان بكات، سه‌رجه‌م كه‌مته‌رخه‌مه‌كانیش سزا بدات، هاوكات قه‌ره‌بوی شه‌هیدان بكاته‌وه‌، هه‌ر له‌ماوه‌ی ئه‌و ساڵه‌دا كۆمسیۆنێكی سه‌ربه‌خۆ بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان پێكبهێندرێت و له‌ماوه‌ی شه‌ش مانگیشدا هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت به‌سه‌رپه‌رشتی چاودێرانی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌نجامبدرێت.

تا ئێستاش كوتله‌ شیعییه‌كانی ناو پەرلەمانی عێراق نەگەیشتونەتە رێککەوتن لەبارەی دیارکردنی کاندیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق


تا ئێستاش كوتله‌ شیعییه‌كانی ناو پەرلەمانی عێراق نەگەیشتونەتە رێککەوتن لەبارەی دیارکردنی کاندیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق، 26ی ئەم مانگەش، د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق لەنامەیەکدا ئه‌سعه‌د عیدانی، كاندیدی هاوپه‌یمانی بنیادنانی بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق ره‌تكرده‌وه‌، له‌نامه‌یه‌كدا کە ئاڕاستەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقی کردوە ئاماده‌یی بۆ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ ده‌ربڕی.

دوای ئەو نامەیەش هاوپه‌یمانی نیشتمانیی به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌یاد عه‌لاوی به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، "عێراق به‌دۆخێكی مه‌ترسیدار و هه‌ستیاری مێژویدا تێده‌په‌ڕێت، هیواخوازبوین هێزه‌ سیاسییه‌ سه‌ره‌كییه‌كان و به‌رپرسان له‌سه‌ر كاندیدكردنی سه‌رۆك وزیرانی نوێ و راسپاردنی له‌لایه‌ن سه‌رۆك كۆماره‌وه‌ بگه‌نه‌ چاره‌سه‌ر بۆ ده‌ربازبون له‌دۆخی ئێستا".

لایه‌نه‌كان فشاریان له‌سه‌ر سه‌رۆك كۆمار دروستكرد بۆ ئه‌وه‌ی كاندیده‌كه‌یان بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت رابسپێرێت


هاوپه‌یمانی نیشتمانیی لە راگەیەندراوەکەدا دەڵێت، "لایه‌نه‌كان فشاریان له‌سه‌ر سه‌رۆك كۆمار دروستكرد بۆ ئه‌وه‌ی كاندیده‌كه‌یان بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت رابسپێرێت، به‌بێ ئه‌وه‌ی ڕه‌چاوی داواكاری خۆپیشانده‌ران و سه‌ندیكاو كۆمه‌ڵه‌كان".

هاوپه‌یمانی نیشتمانیی داوایكردوه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی لایەنەکان تا ئێستا نه‌گه‌یشتون به‌رێكکه‌وتنێك بۆ پێكه‌شكردنی كاندیدێك كه‌ خواستی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان و خۆپیشانده‌ران بێت بۆ قۆناغی داهاتوی حكومه‌تی عێراق، داواكارن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانێكی بچوككراوه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆك به‌رهه‌م و به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ نەتەوە یه‌كگرتوه‌كان پێكبهێندرێت.




خەندان
Top