عەبدولمەهدی: دەمزانی ئەمریكا هێرش دەكاتە سەر حزبوڵای عێراق

 عەبدولمەهدی: دەمزانی ئەمریكا هێرش دەكاتە سەر حزبوڵای عێراق
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی دەست لەكار كێشاوەی عێراق ئاشكرای كرد كە چەند كاتژمێرێك بەر لە هێرشەكەی دوێنێ شەوی ئەمریكا بۆ سەر بارەگاكانی میلیشیای حزبوڵای عێراق، لەلایەن وەزیری بەرگریی ئەمریكاوە ئاگادار كرابووەوە.


بە گوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی (رۆیتەرز)، عەبدولمەهدی ئەمڕۆ ئاماژەی بەوە داوە كە دوێنێ ئێوارەی وەزیری بەرگریی ئەمریكا لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا پێی ڕاگەیاندبوو كە هێرشی ئاسمانی دەكەنە سەر حزبوڵای عێراقی، ئەویش داوای ئەنجامدانی وتوێژی راستەوخۆی لە نێوان ئەمریكیەكان و حزبوڵا كردبوو، بەڵام وەزیری بەرگریی ئەمریكا گوتبووی بڕیارەكە دەرچووە.


سەرۆك وەزیرانی دەست لەكار كێشاوە ئەوەشی گوتووە كە ویستوویەتی حزبوڵا ئاگادار بكاتەوە لەم هێرشە، بەڵام حكوومەتەكەی سیاسەتی خۆی هەیە لەبارەی خۆ بەدوورگرتن لە نێوانی میلیشیاكان و هێزە ئەمریكسیەكان.


عەبدولمەهدی ئەوەشی دووپات كردووەتەوە كە ئەو فڕۆكە ئەمریكیانەی هێرشەكەیان ئەنجام داوە، لە خاكی عێراقەوە هەڵنەستاون، هێرشەكەش لە ئەنجامی ناكۆكییەكانی نێوان تاران و واشنتۆنە.


جێی باسە لە ئەنجامی هێرشەكەی دوێنێ شەوی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی ئەمریكا بۆ سەر مۆڵگەكانی حەشدی شەعبی لە ئەنباری رۆژئاوای عێراق و ئەودیوی سنووری سووریا، 28 چەكدار کوژران و 48یش بریندار بوون.





باسنيوز
Top