سەرۆککۆماری عێراق ئیدانەی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر حەشدی شەعبی دەکات

سەرۆککۆماری عێراق ئیدانەی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر حەشدی شەعبی دەکات
سەرۆککۆماری عێراق ئیدانەی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی دەکات و دەڵێت، پێشێلکردنی سەروەریی عێراقە، هەروەها داوادەکات کە ململانێ ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان لە عێراق دوورخرێنەوە.

بەپێی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق سەرکۆنەی هێرشی ئاسمانیی ئەمریکای کردووە بۆسەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە قەزای قائیم و بە سەرپێچی بۆ سەروەری عێراق لە قەڵەمی دا.

ھاوکات سەرۆككۆمار لەگەڵ لایەنە حكومییەكان بەدواداچوون دەکات لەبارەی زیانە گیانی و ماددییەکانی هێرشەکە، جەختیشیكردەوە لەسەر پێویستی رێزگرتن لە سەروەری وڵات و پاراستنی ئاسایش و ئارامی و زامنکردنی پارێزگاری لە نوێنەرایەتی باڵیۆزخانەکان و بنکە سەربازییە عێراقی و نێودەوڵەتییەکان کە پاڵپشتن بۆ هەوڵەکانی عێراق لە بەگژداچوونەوەی تیرۆر.

لە راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق ئاماژە بەوەش کراوە، بە بەرپرسیارێتی دوو قۆڵی لەبارەی رێکكەوتننامەی ئیمزاکراو لەنێوان عێراق و ئەمریكا کە جەخت دەکاتەوە لەسەر کارکردن بۆ پشتیوانیكردنی دەوڵەتی عێراق، پتەوكردنی ئارامی و پارێزگاریکردن لە سەروەری عێراق؛ هاوکات کاری هاوبەشی لە بەگژداچوونەوەی تیرۆر دووپاتکردەوە.

سەرۆكکۆمار لە راگەیێندراوەکەدا جەختیکردووەتەوە لەسەر پێویستی دوورخستنەوەی عێراق لە ململانێ ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان و دەڵێت "پێویستە دان بەخۆدا بگیرێ و دۆخەکە ئارام بکرێتەوە و هیچ جۆرە کاردانەوەیەک روونەدات کە زیان بە وڵات بگەیەنێت لەم دۆخە هەستیارەدا".

لەو راگەیێندراوەدا سەرۆککۆمار پرسە و سەرەخۆشیی خۆی گەیاند بە كەسوكاری" شەهیدان" و قوربانییەكانی هێرشە ئاسمانییەکە و "داوای لە پەروەردگار دەکەم بە رەحمەتی خۆی شیفای هەرچی زووی بریندارەكان بدات".

رۆژی یەکشەممە 29-12-2019 وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، پێنج هێرشیان بۆسەر بنکەکانی کەتایبی حیزبوڵڵای عێراقی لە سووریا و عێراق ئەنجامداوە؛ هێرشەکانیش بە فڕۆکەی ئێف 15 ئەنجامدراون.

حەشدی شەعبی سەبارەت بە ژمارەی کوژراو و بریندارانیان لە هێرشەکەی ئەمریکا بۆسەر بنکە و بارەگاکانیان دەڵێت، 28 کوژراو و 48 بریندار هەن.
Top