موقتەدا سەدر: عێراق کۆتایی دێت

موقتەدا سەدر: عێراق کۆتایی دێت
رێبەری رەوتی سەدر رایدەگەیەنێت، کە عێراق بە تەواوی کۆتایی دێت.

موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، کە یەکێکە لە زانا ئاینییە شیعەکان و سەرکردەیەکی باڵای عێراقە، لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، رایگەیاندووە، لەگەڵ ئەوە نییە عێراق لە شەڕی ئەمریکا و ئێران تێوە بگلێندرێت.

مقوتەدا سەدر داوای کردووە ”گەورەکان“ی عێراق هەڵوێست وەربگرن و وڵاتەکەیان لە شەڕی ئێران و ئەمریکا بپارێزن، کە تەڕ و وشک بەیەکەوە دەسووتێنێت و ئەو وڵاتە دەکاتە خەڵوز.

رێبەری رەوتی سەدر هۆشداریی داوە، بەوەی ئەگەر هەموو عێراقییەکان یەکهەڵوێست نەبن، ئەوا شەڕی ئەمریکا و ئێران ”کۆتایی بە عێراق دەهێنێت“.

ئەو لێدوانەی موقتەدا سەدر دوای ئەوە دێت، کە شەوی یەکشەممە 29-12-2019، ژمارەیەک فڕۆکەی جەنگیی ئەمریکی پێنج بارەگای میلیشیای حزبوڵڵایان بۆردومان کرد، کە وەزیری بەرگریی ئەمریکا پێی وایە بارەگای سەرکردایەتی و کۆگای چەک و تەقەمەنیی ئەو میلیشیایە بوون.

شەوی هەینی 27-12-2019، ژمارەیەک گوللەهاون ئاراستەی سەربازگەی کەی وەن کران، کە سوپای ئەمریکا و هێزێکی دژەتیرۆری عێراقی تێدا جێگیر کراوە.

حەشدی شەعبی لە زیاتر لە 60 گرووپ و میلیشیای تائیفیی توندڕەو پێک دێت، کە دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق و داگیرکردنی نزیکەی نیوەی خاکی ئەو وڵاتە لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستی داعش، بە فەرمانی ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق پێک هات.

چەکدارانی ئەو میلیشیایانە، کە زۆرینەیان فەرمان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران وەردەگرن، گوێ بە هیچ یاسا و دابونەریتێک نادەن و بە توندترین و خراپترن شێوە مامەڵە لەگەڵ هاووڵاتییانی عێراق، بەتایبەت پارێزگا سوننەنشینەکان، دەکەن.

لە مانگی 6ـی 2014، نزیکەی دوو هەزار چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش هێرشیان کردە سەر شاری مووسڵ و لە ماوەی چەند رۆژێکدا، هەرەسیان بە سوپای عێراق هێنا و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.












باسنيوز
Top