فەرماندەیەکی حەشدی شەعبی هەڕەشەی ”وەڵامێکی زۆر توند“ لە ئەمریکا دەکات
ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە لێدوانێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاندووە، خوێنی کوژراوەکانیان بەهەدەر ناچێ و حەشدی شەعبی ”وەڵامێکی زۆر توند“ی ئەو هێرشانە دەداتەوە.
ئەو هەڕەشەیەی ئەبو مەهدی موهەندیس دوای ئەوە دێت، کە شەوی یەکشەممە 29-12-2019، ژمارەیەک فڕۆکەی جەنگیی ئەمریکی پێنج بارەگای میلیشیای حزبوڵڵایان بۆردومان کرد، کە وەزیری بەرگریی ئەمریکا پێی وایە بارەگای سەرکردایەتی و کۆگای چەک و تەقەمەنیی ئەو میلیشیایە بوون.
شەوی هەینی 27-12-2019، ژمارەیەک گوللەهاون ئاراستەی سەربازگەی کەی وەن کران، کە سوپای ئەمریکا و هێزێکی دژەتیرۆری عێراقی تێدا جێگیر کراوە.
حەشدی شەعبی لە زیاتر لە 60 گرووپ و میلیشیای تائیفیی توندڕەو پێک دێت، کە دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق و داگیرکردنی نزیکەی نیوەی خاکی ئەو وڵاتە لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستی داعش، بە فەرمانی ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق پێک هات.
چەکدارانی ئەو میلیشیایانە، کە زۆرینەیان فەرمان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران وەردەگرن، گوێ بە هیچ یاسا و دابونەریتێک نادەن و بە توندترین و خراپترن شێوە مامەڵە لەگەڵ هاووڵاتییانی عێراق، بەتایبەت پارێزگا سوننەنشینەکان، دەکەن.
لە مانگی 6ـی 2014، نزیکەی دوو هەزار چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش هێرشیان کردە سەر شاری مووسڵ و لە ماوەی چەند رۆژێکدا، هەرەسیان بە سوپای عێراق هێنا و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.
باسنيوز