داوای کۆبوونەوەی بە پەلەی پەرلەمان لەبارەی بۆردومانکردنی حەشدی شەعبی دەکرێت
سەرۆکی لێژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق داوای کۆبوونەوەیەکی بە پەلەی پەرلەمان لەبارەی بە ئامانجگرتنی حەشدی شەعبی، دەکات.
محەمەد رەزا ئال حەیدەر، سەرۆکی لێژنەی ئاسایش و بەرگری لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، بە ئامانگرتنی حەشدی شەعبی، بە ئامانگرتنی تەواوی دەزگای سەربازیی عێراق و سەروەریی وڵاتەکەیە.
محەمەد رەزا ئال حەیدەر داوای لە پەرلەمان کردووە کۆبوونەوەیەکی بە پەلە لەبارەی بۆردومانکردنی بارەگاکانی حەشدی شەعبی رێک بخات و تاوتوێی هۆکارەکانی بۆردومانەکە و رێگریی لە دووبارەبوونەوەی بکات.
شەوی یەکشەممە 29-12-2019، ژمارەیەک فڕۆکەی جەنگیی ئەمریکی پێنج بارەگای میلیشیای حزبوڵڵایان بۆردومان کرد، کە وەزیری بەرگریی ئەمریکا پێی وایە بارەگای سەرکردایەتی و کۆگای چەک و تەقەمەنیی ئەو میلیشیایە بوون.
شەوی هەینی 27-12-2019، ژمارەیەک گوللەهاون ئاراستەی سەربازگەی کەی وەن کران، کە سوپای ئەمریکا و هێزێکی دژەتیرۆری عێراقی تێدا جێگیر کراوە.
حەشدی شەعبی لە زیاتر لە 60 گرووپ و میلیشیای تائیفیی توندڕەو پێک دێت، کە دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق و داگیرکردنی نزیکەی نیوەی خاکی ئەو وڵاتە لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستی داعش، بە فەرمانی ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق پێک هات.
چەکدارانی ئەو میلیشیایانە، کە زۆرینەیان فەرمان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران وەردەگرن، گوێ بە هیچ یاسا و دابونەریتێک نادەن و بە توندترین و خراپترن شێوە مامەڵە لەگەڵ هاووڵاتییانی عێراق، بەتایبەت پارێزگا سوننەنشینەکان، دەکەن.
لە مانگی 6ـی 2014، نزیکەی دوو هەزار چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش هێرشیان کردە سەر شاری مووسڵ و لە ماوەی چەند رۆژێکدا، هەرەسیان بە سوپای عێراق هێنا و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.
باسنیوز