وەزیری بەرگریی ئەمریکا: بەردەوام دەبین لە بۆردومانکردنی بنکەکانی حەشدی شەعبی

 وەزیری بەرگریی ئەمریکا: بەردەوام دەبین لە بۆردومانکردنی بنکەکانی حەشدی شەعبی


وەزیری بەرگریی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، کە بەردەوام دەبن لە بۆردومانکردنی بنکە و بارەگاکانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی.

ئەمڕۆ دووشەممە 30-12-2019، مارک ئیسپەر، وەزیری بەرگریی ئەمریکا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاندووە، بۆردومانکردنی بارەگاکانی میلیشیای حزبوڵڵا (یەکێکە لە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی) لە پارێزگای ئەنبار و سووریا لەڕێی فڕۆکەی جەنگیی F15ـەوە ئەنجام دراوە.

مارک ئیسپەر هەڕەشەی بەردەوامیدان بە بۆردومانکردنی بارەگاکانی حەشدی شەعبی و گرووپە نزیکەکان لە ئێرانی کردووە و رایگەیاندووە، ”ئەگەر پێویست بکات“ ئەوا بۆردومانەکان بەردەوام دەبن.

شەوی یەکشەممە 29-12-2019، ژمارەیەک فڕۆکەی جەنگیی ئەمریکی پێنج بارەگای میلیشیای حزبوڵڵایان بۆردومان کرد، کە وەزیری بەرگریی ئەمریکا پێی وایە بارەگای سەرکردایەتی و کۆگای چەک و تەقەمەنیی ئەو میلیشیایە بوون.

لە ئەنجامی ئەو بۆردومانەدا، کە دوای مووشەکبارانکردنی سەربازگەیەکی ئەمریکا لە کەرکووک کرایە سەر حەشدی شەعبی، لانی کەم 25 چەکداری ئەو میلیشیایە کوژراون و 51 دیکەش بریندار بوون.

شەوی هەینی 27-12-2019، ژمارەیەک گوللەهاون ئاراستەی سەربازگەی کەی وەن کران، کە سوپای ئەمریکا و هێزێکی دژەتیرۆری عێراقی تێدا جێگیر کراوە.

حەشدی شەعبی لە زیاتر لە 60 گرووپ و میلیشیای تائیفیی توندڕەو پێک دێت، کە دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق و داگیرکردنی نزیکەی نیوەی خاکی ئەو وڵاتە لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستی داعش، بە فەرمانی ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق پێک هات.

چەکدارانی ئەو میلیشیایانە، کە زۆرینەیان فەرمان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران وەردەگرن، گوێ بە هیچ یاسا و دابونەریتێک نادەن و بە توندترین و خراپترن شێوە مامەڵە لەگەڵ هاووڵاتییانی عێراق، بەتایبەت پارێزگا سوننەنشینەکان، دەکەن.

لە مانگی 6ـی 2014، نزیکەی دوو هەزار چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش هێرشیان کردە سەر شاری مووسڵ و لە ماوەی چەند رۆژێکدا، هەرەسیان بە سوپای عێراق هێنا و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.






باسنيوز
Top