هێزە عێراقییەکان سێ ئۆتۆمبێلی داعشیان لە سنووری سەلاحەددین تەقاندەوە
ئۆپەراسیۆنەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 29-12-2019 لەژێر ناوی ''ئیرادەی سەرکەوتن'' دەستیپێکرد و بڕیارە تاوەکو سێ رۆژی دیکە بەردەوام دەبێت.
هێزەکانی بەرپەرچدانەوەی خێرا دەچنە بەرزاییەکانی حەمرین و بەنداوی عوزێم، ناوچەیەک کە ماوەیەک لەمەوبەر داعش ژمارەیەک کەسی مەدەنی و هەشت راوچی ماسیان تێیدا کوشت.
موقەدەم حەیدەر، جێگری فەوجی چواری لیوای یەکی بەرپەرچدانەوەی خێرا راگەیاند "جموجۆڵەکانمان لە سەرەتای ئامرلی تاوەکو دەریاچەی ئامرلی دەستیپێکرد".
سەیف جاسم، فەرماندەیەکی دیکەی فەوجی چواری لیوای یەکی بەرپەرچدانەوەی خێرایە و سەبارەت بە جموجۆڵەکانی داعش، دەڵێت "کەرتی سەلاحەددین، سامەڕا و دیالە کە بەستراوە بە قەزای کەلار، هێزەکانی پێشمەرگە ئۆپەراسیۆنیان تێدا ئەنجامداوە، ناوچەکە شوێنێکە بۆ گەشەکردنی داعش".
هێزەکان بەنێو دۆڵ و تەپۆلکەی نزیک بەنداوی عوزێمدا دەگەڕێن، گومان لە هەموو شوێنێکی ئەم سنوورە دەکەن، پاشماوەی چەکدارەکانیان دۆزییەوە، بەڵام هیچ چەکدارێک لەم شوێنەدا نەمابوو.
دەرئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکە لە یەکەم رۆژ، بریتیبوو لە: تەقاندنەوەی سێ ئۆتۆمبێل لە سنووری سەلاحەددین، چوار خۆکوژی داعش کوژران و یەکێکیش خۆی لەنێو تۆنێلێکدا تەقاندەوە و بەهۆیەوە ئەفسەرێک و سێ سەرباز برینداربوون.
نزیکەی 50 بۆمب تەقێندرانەوە و دەست بەسەر زیاتر لە 40 رۆکێت و چەکی قورسدا گیرا، ژمارەیەک تونێلی مانەوەی داعش خاپوورکران.
بۆ ئەم ئۆپەراسیۆنە هێزە عێراقییەکان هەماهەنگییان لەگەڵ پێشمەرگە کردبوو.
فەریق سامر ئەبو توراب، فەرماندەی هێزەکانی بەرپەرچدانەوەی خێرا راگەیاند "چەکدارانی داعشی تیرۆریست لە هەندێک ناوچەی کراوەدا هەن، لەنێویاندا: پارێزگاکانی دیالە، کەرکووک، موسڵ و سەلاحەددین و ناوچەکانی جەزیرە، ئەمڕۆ لەسەر فەرمانی سوپاسالاری عێراق و جێگری فەرماندە هاوبەشەکان، لە گۆڕینەوەی زانیاری و جێبەجێکردنی ئەرکەکاندا هەماهەنگیمان لەگەڵ فەرماندە باڵاکانی پێشمەرگە ئەنجامدا، باوەڕموایە هەماهەنگییەکە بەردەوام هەیە".
ئۆپەراسیۆنەکە بە بەشداری هێزەکانی بەرپەرچدانەوەی خێرا، سوپای عێراق، پۆلیسی فیدراڵی، فیرقەی مودەڕەعە و حەشدی شەعبی لە پێنج قۆڵەوە بەڕێوەچوو، جیا لە گەڕان و پشکنینی زەمینی، ئۆپەراسیۆنی "ئیرادەی سەرکەوتن" بەهاوکاری فڕۆکە جەنگییەکان لە ئاسمانەوە ئەنجامدرا، تەنانەت لەناوچە ئاوییەکان بەلەمیش بەکارهێندرا.