سوپای عێراق ئۆپه‌راسیۆنی قۆناغی هه‌شته‌می "ئیراده‌ی سه‌ركه‌وتن"ـی ده‌ستپێكرد

سوپای عێراق ئۆپه‌راسیۆنی قۆناغی هه‌شته‌می
ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 29/12/2019، سوپای عێراق، قۆناغی هه‌شته‌می ئۆپه‌راسیۆنی "ئیراده‌ی سه‌ركه‌وتن"ـی بۆ پشكنین و كێوماڵكردنی چه‌ند ناوچه‌یه‌كی عێراق ده‌ستپێكرد بۆ ئه‌وه‌ی كۆتایی به‌ پاشماوه‌كانی داعش بهێنن یان راویانبنێن.

سوپای عێراق له‌و باره‌یه‌وه‌ به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌ رایگه‌یاندووه‌: " ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ له‌ 5 میحوه‌ره‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، یه‌كه‌میان له‌ میحوه‌ری فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنی نه‌ینه‌وا، دووه‌م، جزیره‌، سێیه‌م، سه‌ڵاحه‌ددین. سوپا له‌ دوو محوه‌ری دیكه‌ش له‌ دیاله‌ و كه‌ركووك هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ی بۆ سه‌ر داعش چڕده‌كاته‌وه‌".

دوای ئه‌وه‌ی چه‌ندین راپۆرت له‌باره‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی چه‌كدارانی داعش بۆ ئه‌و ناوچانه‌ بڵاوكرایه‌وه‌، سوپای عێراق ده‌یه‌وێت پشكنین و كێوماڵی ناوچه‌كان بكات و ته‌نگ به‌ پاشماوه‌كانی داعش هه‌ڵچنێت.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌ی سوپای عێراقدا روونكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ "قۆناغی هه‌شته‌می ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌، ئامانجی پشكنین و كێوماڵی ناوچه‌ و گوند و رووبه‌ره‌ كراوه‌كانی نێوان پارێزگاكانه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و داواكراوانه‌ی له‌و ناوچانه‌دا خۆیان حه‌شارداوه‌ ده‌ستگیر بكرێن و ئاسایش و ئارامی بۆ ناوچه‌كان بگه‌ڕێنرێته‌وه‌ و كۆتایی به‌ پاشماوه‌كانی داعش بهێنرێت".

له‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌دا چه‌ندین یه‌كه‌ و تیمی سه‌ربازیی سه‌ر به‌ سوپا و پۆلیس و به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی خێرا به‌شدارن و له‌لایه‌ن هێزی ئاسمانی عێراق و فڕۆكه‌كانی هاوپه‌یمانێتی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش و چه‌ندین ده‌زگای ئه‌منی و هه‌واڵگریی پاڵپشتیی ده‌كرێن.




K24
Top