سیاسییه‌كان فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كان دێننه‌ ناو ململانێی وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران

سیاسییه‌كان فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كان دێننه‌ ناو ململانێی وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران
رۆژی شه‌ممه‌ جموجوڵی نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ ئارامكردنه‌وه‌ی دۆخی سیاسی عێراق ده‌ركه‌وت،تا راده‌یه‌ك كه‌شێكی گونجاوی درووستكرد بۆ ئه‌وه‌ی گفتوگۆكانی دیاریكردنی كاندیدی سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێی عێراق ده‌ستپێبكاته‌وه‌ و دیدار له‌نێوان لایه‌نه‌كان ئه‌نجام بدرێت. ئه‌وه‌ش پاش هه‌ڕه‌شه‌كه‌ی به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عێراق و ره‌تكردنه‌وه‌ی كاندیدی هاوپه‌یمانێتی بونیاد كه‌ له‌ ئێرانه‌وه‌ نزیكن زۆرتر ده‌ركه‌وت و هه‌ست به‌ دووركه‌وتنه‌وه‌ی هێزه‌ سیاسییه‌كان له‌ یه‌كتری ده‌كرا. چونكه‌ ره‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌سعه‌د ئه‌لعیدانی، له‌لایه‌ن سه‌رۆك كۆماره‌وه‌ دۆخه‌كه‌ی زیاتر ئاڵۆز كردبوو.

دوای نیشتنه‌وه‌ی ته‌پوتۆزی ئه‌و هه‌وڵه‌ سه‌رنه‌گرتووه‌ی دانانی ئه‌لعیدانی، ئیدی خه‌ریكه‌ ناوی له‌ لیستی كاندیده‌ دیاره‌كان ده‌سڕێته‌وه‌ و ناوی عه‌بدولغه‌نی ئه‌لئه‌سه‌دی، فه‌رمانده‌ی پێشووی ده‌زگای دژه ‌تیرۆر دێته‌ ناو ناوانه‌وه‌. پێده‌چێت ئه‌م ناوه‌یان به‌شێكی شه‌قامی توڕه‌ی عێراقی قه‌بووڵی بكه‌ن و ببێته‌ كاره‌كته‌رێكی سه‌ره‌كی مه‌یدانی سیاسی عێراق، له‌ كاتێكدا خۆپیشانده‌ران زۆر ناوی دیار و ناوداریان پێشتر ره‌تكردووه‌ته‌وه‌.

به‌هۆی ئه‌و فشاره‌ی كه‌وته‌ سه‌ر هاوپه‌یمانێتی بونیاد كه‌ ناوه‌ندی هێزی جه‌ماوه‌رییان له‌ پارێزگاكانی باشووری عێراقه‌، بڕیاریانداوه‌ ئه‌سعه‌د ئه‌لعیدانی پارێزگاری به‌سره‌ له‌ ململانێی وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران بكێشنه‌وه‌. سه‌ركرده‌یه‌كی دیاری هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ كه‌ نه‌یویستووه‌ ناوی بهێنرێت به‌ رۆژنامه‌ی "العربي الجديد"ـی گوتووه‌: "نووسراوێك ده‌كه‌ین و له‌ ماوه‌ی دوو رۆژدا كاندیده‌كه‌مان ده‌كێشینه‌وه‌، چونكه‌ ناكۆكیی هه‌یه‌ له‌ناو هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌شدا بۆ چۆنێتی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌م بارودۆخ و قه‌یرانه‌ی ئێستا. ئه‌وانه‌شی وه‌ك تاكه‌ كه‌س به‌ ئاراسته‌ی له‌كارلادانی به‌رهه‌م ساڵح كه‌وتبوونه‌ جووڵه‌، پێچه‌وانه‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ ده‌جووڵینه‌وه‌ كه‌ ساڵی 2018 له‌ كاتی پێكهێنانی هاوپه‌یمانێتی بونیاد له‌ چه‌ندین كوتله‌ی سیاسی ناو په‌رله‌مان، له‌سه‌ری رێككه‌وتووین".

هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "هه‌ندێك لایه‌نی ناو هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ به‌رپرسیارن له‌ خراپ هه‌ڵبژاردنی ناوی كاندیده‌كانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی داهاتوو، پاش ئه‌وه‌ی بونیاد وه‌ك گه‌وره‌ترین كوتله‌ی په‌رله‌مانی له‌ رووی ژماره‌ی په‌رله‌مانتارانه‌وه‌ ئه‌و مافه‌ی وه‌رگرت، به‌ڵام هه‌ڵبژاردنی خراپی ئه‌و لایه‌نانه‌ بووه‌ هۆی خوڵقاندنی ئه‌م قه‌یرانه‌".

هه‌مان ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ی بونیاد بۆ رۆژنامه‌ عه‌ره‌بییه‌كه‌ی ئاشكراكردووه‌ كه‌ "له‌گه‌ڵ كێشانه‌وه‌ی ناوی ئه‌لعیدانی و دوای دروستبوونی لێكتێگه‌یشتن، ناوی دیكه‌ پێشكه‌ش ده‌كرێت، دیارترینیان تا ئێستا فه‌ریقی یه‌كه‌می روكن، عه‌بدولغه‌نی ئه‌لئه‌سه‌دی، فه‌رمانده‌ی پێشووی ده‌زگای دژه‌ تیرۆری عێراقه‌ كه‌ رۆڵێكی دیاری هه‌بووه‌ له‌ جه‌نگی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی شار و ناوچه‌كانی وڵات له‌ ده‌ست چه‌كدارانی داعش. هه‌روه‌ها ناوی دادوه‌رێكی پارێزگای دیاله‌ (بێ ئه‌وه‌ی ناوی بهێنێ) و ساڵح ئه‌لحه‌سناوی وه‌زیری پێشووتری ته‌ندروستی و عماد ئه‌لحوسه‌ینی سه‌رۆكی زانكۆی به‌غدا هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بۆ وه‌رگرتنی ئه‌و پۆسته‌ كاندیدیان بكه‌ن".

ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ی هاوپه‌یمانێتی بونیاد پێیوایه‌ چانسی ئه‌سه‌دی له‌ هه‌موویان زیاتره‌، چونكه‌ له‌ ریزی سه‌ربازیدا خزمه‌تی كردووه‌ و له‌لایه‌ن سوننه‌كانیشه‌وه‌ قه‌بووڵ ده‌كریت و په‌یوه‌ندیشی له‌گه‌ڵ كورد باشه‌. نه‌ پێشتر سه‌ر به‌ هیچ هێزێكی سیاسی بووه‌ و نه‌ پۆستی حكوومیشی هه‌بووه‌".

به‌ڵام سه‌ركرده‌یه‌كی دیكه‌ی هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ به‌ناوی حه‌نین قه‌دۆ ده‌ڵێت: "هه‌رچه‌نده‌ ناوی ئه‌لعیدانی له‌ لیستی كاندیدكراوان سڕاوه‌ته‌وه‌. به‌ڵام هێشتا گفتوگۆ به‌رده‌وامه‌ بۆ دیاریكردنی كاندیدێكی دیكه‌ كه‌ ئه‌مجاره‌ قه‌بووڵكراو بێت له‌لای خۆپیشانده‌ران و هێزه‌ سیاسییه‌كان. هێشتا دۆخه‌كه‌ش‌ دژواره‌ و هیچ لێكتێگه‌یشتنێك له‌نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان نییه‌ بۆ دیاریكردنی سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێ".




K24
Top