تارق حەرب: لەکارلابردنی سەرۆککۆمار زۆر ئەستەمە

تارق حەرب: لەکارلابردنی سەرۆککۆمار زۆر ئەستەمە
تارق حەرب، شارەزای یاسا و دەستوور لە عێراق رایگەیاند ئەو رێوشوێنانەی کە دەستووری عێراق دیاریکردوون بۆ لەکارلابردنی سەرۆککۆمار ئاڵۆز و زۆر ئەستەمن.

تارق حەرب ئەمڕۆ شەممە 28-12-2019 لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند "ئەو رێوشوێنانەی کە ماددەی 61ی دەستووری عێراق بۆ لەکارلابردنی سەرۆککۆمار دیاریکردوون ئاڵۆز و زۆر ئەستەمن، چونکە مەرجی داناوە تەنیا بەهۆی سەرپێچیکردنی سوێندی دەستووری و پێشێلکردنی دەستوور و خیانەتی گەورە و بە دەنگی زۆرینەی تێکڕای ئەندامانی پەرلەمان دەکرێ دەست بە پرۆسەی لەکارلابردنی سەرۆککۆمار بکرێت".

ئەو شارەزایەی یاسا و دەستوور لە عێراق ئاماژە بەوەش دەکات، دواتر پرسەکە رەوانەی دادگای باڵای فیدراڵی دەکرێ بۆئەوەی بڕیار لەسەر سەرۆککۆمار بدات "بەوەی ئاخۆ یەکێک لەو سێ تاوانەی ئەنجامداوە یان نا؟" و دەڵێت "پاش دەرچوونی بڕیار و بەتاوانکارناساندنی سەرۆککۆمار، ئەوکات جارێکی دیکە پرسەکە رەوانەی پەرلەمان دەکرێ کە دەبێ دیسان بە زۆرینەی دەنگی تێکڕای ئەندامانی، لەکارلابردنی سەرۆککۆمار پەسندبکات، بۆئەوەی بڕیارەکە جێبەجێ بکرێت".

هاوکات ئەمیر کینانی، راوێژکاری یاسایی سەرۆککۆماری عێراق رایگەیاند ئەرکی سەرۆککۆمارە سەلامەتی، ئاسایش و یەکێتی عێراق بپارێزێ و لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند "رەتکردنەوەی راسپاردنی بەربژێری فراکسیۆنە سیاسییەکان لەلایەن سەرۆککۆمارەوە چەند هۆکارێکی لەپشتە و لە دژبەیەکبوونی پەیام و نووسراوە فەرمییەکان خۆیان دەبیننەوە کە بۆ سەرۆککۆمار نێردراون تایبەت بەو فراکسیۆنەی کە مافی پێشکێشکردنی بەربژێری هەیە".

ئەمیر کینانی لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێت "هۆکارێکی دیکە هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنی نێوان هاوپەیمانیی بینا و هاوپەیمانیی ئیسڵاحە، ئەم هەڵوەشاندنە لەئەستۆی لایەنە سیاسییەکانە نەک سەرۆککۆمار".

سەرۆککۆماری عێراق رۆژی پێنجشەممە 26-12-2019 کە دوا وادەی دەستووری بوو بۆ راسپاردنی بەربژێر بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق، لە پەیامێکدا بۆ پەرلەمان ئامادەیی خۆی بۆ دەستلەکارکێشانەوە راگەیاند و گوتی "ئامادەم دەستلەکاربکێشمەوە، بەڵام بەربژێرێک راناسپێرم لەلایەن خۆپیشاندەران و شەقامەوە پەسەند نەبێت".
Top