قەیس خەزعەلی: هەڕەشەی دەست لەکار کێشانەوەی بەرهەم ساڵح ”فێڵێکە

قەیس خەزعەلی: هەڕەشەی دەست لەکار کێشانەوەی بەرهەم ساڵح ”فێڵێکە


سەرکردەیەکی چەکداریی عێراقی هێرشێکی توند دەکاتە سەر سەرکۆماری وڵاتەکەی.

قەیس خەزعەلی، سەرۆکی میلیشیای عەسایب ئەهلی حەق لە چاوپێکەوتنی کەناڵێکی وڵاتەکەی، رایگەیاندووە، دوا هەنگاوی بەرهەم ساڵحی سەرکۆمار ”هیچ بیانووێک هەڵناگرێ ودەستووری نەبوو“.

رۆژی پێنج شەممە 26-12-2019، بەرهەم ساڵح هەڕەشەی دەست لەکار کێشانەوەی لە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق کرد. هەڕەشەکەی بەرهەم ساڵح بەهۆی کاندیدکردنی کەسێک بوو لەلایەن کوتلەی بینا لە پەرلەمانی عێراق، کە خۆپیشاندەران رەتی دەکەنەوە و رازی نین بکرێتە جێگرەوەی عادل عەبدولمەهدی.

قەیس خەزعەلی پێی وایە هەڕەشەی دەست لەکار کێشانەوەی بەرهەم ساڵح ”فێڵێکە“ و بۆ خۆدینەوەیە لە راسپاردنی کاندیدی کوتلەی بینا، کە ئەسعەد عیدانیی پارێزگاری ئێستای بەسرەیە.

سەرۆکی عەسایب ئەهلی حەق هەڕەشەی لە بەرهەم ساڵح کردووە و رایگەیاندووە، ”لە سەرۆکایەتیی دەری دەکەین“، چونکە لە دەسەڵاتی ئەودا نییە کاندیدێکی سەرۆکایەتیی حکوومەت، رەت بکاتەوە.

عادل عەبدولمەهدی (لەدایکبووی 1942 لە بەغدا)، لە مانگی 10ـی 2018 وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق دەست بەکار بوو و لە رۆژی 30-11-2019 دەستی لەکار کێشایەوە و رۆژی دواتر پەرلەمانی وڵاتەکەی دەست لەکار کێشانەوەکەی قبوڵ کرد.

دەست لەکار کێشانەوەی عەبدولمەهدی لەسەر داوای مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق و دوای پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی، هات.

خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 2-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری، دەستیان پێ کرد.

بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 400 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس و ژمارەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوە دان.




باسنيوز
Top