کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ: مامەڵەی خراپ لەگەڵ خۆپیشاندەرە رفێندراوەکان دەکرێت

کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ: مامەڵەی خراپ لەگەڵ خۆپیشاندەرە رفێندراوەکان دەکرێت
کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی عێراق دەڵێت، مامەڵەی خراپ لەگەڵ خۆپیشاندەرە رفێنراوەکان دەکرێت و ئەشکەنجە دەدرێن.

ئەنەس عەزاوی، ئەندامی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، لە هەریەک لە شارەکانی بەغدا، بەسرە، زیقار، کەربەلا، نەجەف، دیوانیە و میسان لە هەشتی ئۆکتۆبەرەوە رفاندنی خەڵک دەستیپێکردووە.

بە گوتەی ئەنەس، لەو کاتەوە 50 کەس رفێنراون و هەندێک چالاکڤان دوای ئازادکردنیان پاشماوەی ئەشکەنجە بە جەستەیانەوە دیارە.

ئەندامەکەی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ ئاماژە بەوە دەکات "هەندێک خۆپیشاندەر گوتەیان لێوەرگیراوە کە دوای ئازادکردنیان نابێت بچنەوە ناو خۆپیشاندانەکان".

رفێندراوەکان لەدوای ئازادکردنیان قسەیان لەگەڵ کراوە، هەموویان دەڵێن چەکداری دەمامکدار ئەوانی رفاندووە و کەسیان ناناسنەوە.

کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ کوشتنی هەشت چالاکڤانی راگەیاندووە و وەزارەتی ناوخۆی عێراقیش دەڵێت، لیژنەیەکیان بۆ لێکۆڵینەوە لەو کەیسانە پێکهێناوە.

پێشتریش عەلی بەیاتی، ئەندامی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق رایگەیاند، لە سەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانەوە تاوەکو ئێستا 29 حاڵەتی تیرۆرکردنی چالاکڤانان تۆمارکراون.

نزیکەی سێ مانگە خۆپیشاندانەکان لە بەغدا و چەند شارێکی دیکەی عێراق بەردەوامن، بەهۆی فشاری خۆپیشاندەران و مەرجەعییەتی شیعە، عادل عەبدولمەهدی دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستی سەرۆکوەزیران راگەیاند و لە 1-12-2019ش دەستلەکارکێشانەوەکەی لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە پەسندکرا و تاوەکو ئێستاش هیچ کەسێک بۆ جێگرتنەوەی دیارینەکراوە.
Top