پەرلەمانتارێكی سوننە: یاسای نوێی هەڵبژاردنەكان بۆ دابەشكردنی عێراقە

 پەرلەمانتارێكی سوننە: یاسای نوێی هەڵبژاردنەكان بۆ دابەشكردنی عێراقە
لەبارەی تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای نوێی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراقەوە، پەرلەمانتارێكی سوننە لەسەر پارێزگای نەینەوا رایدەگەیەنێ كە ئەم یاسا نوێیە دەبێتە هۆی دابەشكردنی عێراق.


ئەمشەو ئەحمەد جەربا پەرلەمانتار لەسەر پارێزگای نەینەوا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رەخنەی توندی لە تێپەڕاندنی یاسای نوێی هەڵبژاردنەكان گرت لەلایەن زۆرینەی شیعەوە لە پەرلەمانی عێراق.


جەربا رایگەیاند كە مادەی 15ی یاسای هەڵبژاردنەكان لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەماندا، بە پەلەپەل و بە بێ گفتوگۆكردن تێپەڕێندرا.


هەروەها گوتیشی ئەوانەی دەڵێن بۆ خاتری ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەم یاسایە زوو تێپەڕێندراوە، درۆیەكی گەورە دەكەن و ئەم كارەیان بۆ ئەوەیە كە عێراق دابەش بكەن، چونكە مادەی 15 زەنگی دابەشكردنی عێراقی لێدا.


پەرلەمانتارە سوننەكە ئەوەشی گوت كە لە عێراقدا ناكۆكی گەورەی بەڕێوەبردن لە نێوان قەزا و شارەدێیەكاندا هەیە، ئەم مادەی 15یەش بۆ ئەوە داهێندرا كە ئەم ناكۆكیانە بتەقێنێتەوە و وڵاتەكە بەرەو نادیار و دابەشكردن ببات، واتە بە هیچ شێوەیەك هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام نادرێت.




باسنيوز
Top