بەبێ رەزامەندی کورد ماددەکانی 15 و 16ـی یاسای هەڵبژاردنەکان پەسندکران
لەکۆبوونەوەکەدا پەرلەمانی عێراق پرۆژەیاسای هەڵبژاردنەکانی خستە دەنگدان و ناکۆکی لەسەر ماددەکانی 15 و 16 هەبوو، بەڵام ماددەکانی 15 و 16 پەسندکران.
ماددەی 15ـی یاسای هەڵبژاردنەکان سەبارەت بە بازنەکانی هەڵبژاردنە کە لەسەر بنەمای قەزاکان دانراوە و نوێنەرایەتی لەسەر بنەمای تاک دەبێت. لەهەر بازنەیەک هەر بەربژێرێک زۆرترینی دەنگەکان بەدەستبهێنێت دەبێتە تاکە براوەی هەڵبژاردنەکە.
هاوکات ماددەی 16 پەیوەندی بە کۆتای ئافرەتانەوە هەیە کە رێژەی 25%ـی بۆ ئافرەتان دیاریکردووە.
دانا جەزا، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان راگەیاند، کورد بایکۆتی کۆبوونەوەکەی کردووە، پێمانوایە رێژەی یاسایی کۆبوونەوەکە نەبووە کەچی یاساکە خراوەتە دەنگدانەوە.
دانا جەزا دەڵێت، ئەو یاسایە زۆر گرنگە و کاریگەری بەسەر پرۆسەی سیاسی و دۆخی عێراقیش دەبێت، بەداخەوە بەبێ رەزامەندی کورد جارێکی دیکە لەسەر بنەمای زۆرینە و کەمینە هەردوو ماددەی 15 و 16ی دەیان تێپەڕاند.
دانا جەزا ئاماژەی بەوەشکرد، "دەڵێن ئەو ماددانە لەبەرژەوەندی خەڵک و لایەنەکانە، بەڵام لە بەرژەوەندی لایەنەکان نییە و بۆ لێدانی حیزبە بچووکەکانە".
پەرلەمانی عێراق لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە 18-12-2019 لە کۆی 50 ماددە 14 ماددەی لە پرۆژەیاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان پەسندکرد، بەڵام بەهۆی ناکۆکی لەسەر ماددەکانی 15 و 16ـی پرۆژەیاساکە و تێبینی کورد و چەند فراکسیۆنێک لەسەر بچووککردنەوەی بازنەی هەڵبژاردن بۆ ئاستی شارۆچکە و نیازی سەپاندنی 100% لیستی تاک لەبری لیستی لایەنە سیاسییەکان، سەرۆکایەتی پەرلەمان پەسەندکردنی تێکڕای پرۆژەکەی دواخست.