خۆپیشاندەرانی عێراق داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و لادانی سەرکۆمار دەکەن

 خۆپیشاندەرانی عێراق داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و لادانی سەرکۆمار دەکەن
ئاستی داواکاریی خۆپیشاندەرانی عێراق، بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و لادانی سەرکۆمار و پەسەندکردنی یاسای هەڵبژاردنەکان و هەڵبژاردنی پێشوەختە و دیاریکردنی کاندیدێک لەلایەن خۆیانەوە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران بەرز بووەتەوە، پەرلەمانتارێکی لیژنەی ناوخۆش لە پەرلەمانی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە کە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە دەبێ دۆخەکە ئارام بێت و لە فەوزادا هەڵبژاردن ناکرێت.
خۆپێشاندەرانی عێراق زیاتر لە مانگێکە لە گۆڕەپانی تەحریری بەغدان، داواکارییەکانیان لەدوای دەست لەکارکێشانەوەی سەرۆك وەزیرانی عێراق، بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و سزادانی سەرکۆمار، بۆ دوورخستنەوەی لە پۆستەکەی، بەتۆمەتی پێشێلکاریی دەستووری، هەروەها پەسەندکردنی یاسای هەڵبژاردنەکان بەو شێوەیەی کە رێگری لە خۆکاندیدکردنەوەی بەرپرسانی ئێستای وڵات بکات، چڕ کردووەتەوە.
هاوکات لە گۆڕەپانەکانەوە خۆپیشاندەران وێنەی پێنج كەس بۆ بوون بە سەرۆك وەزیرانی نوێی عیراق دیاری دەكەن کە هەریەكە لە عەبدولغەنی ئەسەدی، عەبدولوەهاب ساعدی فەرماندەكانی پێشوی دژەتیرۆری عیراق و دادوەر رەحیم عگێلی، سەرۆكی پێشووتری دەستەی دەستپاكیی عیراق، د.سینان ئەلشەبیبی، یەكەم پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق دوای پرۆسەی ئازادیی 2003 و د.محەمەد تۆفیق عەللاویی تێدایە.
بەرزكردنەوەی وێنە و ناوی ئەو كاندیدانەی خۆپیشاندەران، لەكاتێكدایە كە خۆپیشاندەران بەتوندی لە دژی ئەوەن هیچ سەركردە و ئەندامێكی سەر بە لایەنە سیاسییەكان ببنە سەرۆك وەزیران، كە دواترینیان محەمەد شیاع سودانی بوو، کە بەتوندی لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە رەت کرایەوە.
لە سەرەتای مانگی دیسەمبەردا، پەرلەمانی عێراق نامەی دەست لەكاركێشانەوەكەی عادل عەبدولمەهدیی سەرۆک وەزیران پەسەند كرد، لەو کاتەشەوە لایەنە سیاسییەكان و خۆپیشاندەران لەسەر كاندیدێك ڕێک نەكەوتوون، بۆ شوێنگرەوەی عەبدولمەهدی.
بۆ ئەو بابەتەش، مەرجەعیەتی شیعەکان، ئێستا هەڵبژاردنی پێشوەختە بە نەخشەڕێگەی چارەسەری دۆخەکە دەزانێت و هەوڵەکانیش بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی عێراق، دوورخستنەوەی سەرکۆمار لە پۆستەکەی و پەسەندکردنی یاسای هەڵبژارنەکان لە عێراق، بەچڕی دەستیان پێ کردووە.
هاوکات، بەپێی زانیارییەکانی (باس)، ژمارەیەک پەرلەمانتار لەژێر کاریگەریی داواکارییەکانی خۆپیشاندەران، ئێستا لە هەوڵی کۆکردنەوەی واژۆدان، بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی عێراق، لەگەڵ ئەوەشدا 150 پەرلەمانتاری عێراق له‌ نووسراوێكدا، کە 19ی ئەم مانگە ئاراستەی دادگای فیدڕڵییان کردووە، داوایان کردووە دادگای فیدڕڵی داواى یاسایى لە دژى به‌رهه‌م ساڵح، سه‌ركۆمارى عێراق، به‌ تۆمه‌تى پێشێلكردنى ده‌ستوور تۆمار بکات، دواتریش له‌ پۆسته‌كه‌ى لاببرێت، چونكه‌ به‌پێى ده‌ستوور، ده‌بوو له‌ماوه‌ى 15 رۆژدا كاندیدى سه‌رۆك وه‌زیران پێشكه‌ش بكات.
لای خۆشیانەوە، عه‌بدولمه‌هدی كه‌ربه‌لائی، نوێنه‌ری عه‌لی سیستانی، مه‌رجه‌عی باڵای شیعەکان لە عێراق، لە دوایین وتاریدا لە هەینیی رابردوو، ڕای گه‌یاند: “ده‌بێ یاسای هه‌ڵبژاردن هه‌موار بكرێته‌وه‌ و به‌ زووترین كاتیش هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌ختە بۆ ده‌ربازبوون له‌قه‌یرانه‌كان ئه‌نجام بدرێت”.
نوێنه‌ری سیستانی جه‌ختی لەوەش کردەوە کە‌ عێراق به‌ دۆخێكی خراپ و ناهه‌مواردا تێ ده‌په‌ڕێت.
لەم بارەیەوە، د. ناسڕ یوسف، پەرلەمانتاری پارتی لە لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی عێراق، بۆ (باس) جەختی لەوە کردەوە، کە بارودۆخی ئەمنیی عێراق جێگیر نییە و ئەگەر ئەمڕۆ بەرەو هێوربوونەوە بڕوات، ئەوا بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە پێویست بە کاتێک دەکات، زیاتر لە شەش مانگ تا دەگات بە ساڵێک، تاوەکوو بارودۆخەکەی پێ هێور بێتەوە، گوتیشی: “هەڵبژاردن لە دۆخی ئارامدا دەکرێت نەک لە فەوزادا، ئەو بارودۆخەش پێویستی بە پێکهێنانی حکوومەتێکی نوێ و گرتنەبەری چەند ڕێوشوێنێکی پێویست دەبێت کە زەمینەی هەڵبژاردن بڕەخسێنێ، ناکرێ ئەوەی کەسێک یان لایەنێک لە عێراق داوای دەکات، بەبێ بوونی زەمینەی گونجاو جێبەجێ بکرێت، چونکە لەو دۆخەدا لەبری چارەسەر، خراپتر دەبێت”.
بەڵام، د.سامان شاڵی، چاودێری سیاسی، بۆ (باس) ئاماژەی بەوە دا، ئەو نەخشەڕێگەیەی مەرجەعی شیعەکان بە هەڵبژاردنی پێشوەختە خستوویەتیە ڕوو، رێگە دروستەکەیە، بە مەرجێک پڕۆژەیاسای هەڵبژاردنی عێراق بەو شێوەیە پەسەند بکرێت کە داواکاریی خۆپیشاندەرانە، نەک بە شێوەی ئەجێندای سیاسی و دەستی دەرەکی، کە ئامانجی ئەوان مانەوە و مسۆگەرکردنی خۆیانە لە عێراقدا، گوتیشی: “دۆخی عێراق دەستی دەرەکی و ئیقلیمیی زۆری تیادایە و زەحمەتە بتوانرێ ئەو دەستانە بەبێ هەڵبژاردن دوور بخرێنەوە، بەڵام ئەگەر یاسای هەڵبژاردن بەو شێوەیەی کە رێگری دەکات لەو کەسانەی ساڵانێکە عێراق دەدۆشن، خۆیان کاندید بکەنەوە پەسەند بکرێت، ئەوا هەڵبژاردنیش بکرێ، لەو دۆخەدا خەڵکانێکی باش دێنە پێشەوە و ئەو خەڵکە خراپەیش کە تۆمەتبارە بە گەندەڵی، یان ناتوانێ خۆی کاندید بکاتەوە، یان ئەوەتا پەراوێز دەخرێت و دەرناچێت و لاواز دەبێت، بەوەش بارودۆخی عێراق بە هەڵبژاردن چارەسەر دەبێت”.
ئەو چاودێرە پێشی وابوو، تاوەکوو ئەو دەموچاوانەی ئێستا لە حوکمڕانیی عێراقدا بن، ئەو وڵاتە هەر بۆ دواوە دەڕوات، گوتی: “هەڵبژاردنی پێشوەختە کۆتایی بەو دەموچاوە کۆنانە دەهێنێت و بەوەش عێراق قۆناغێکی دیکەی بۆ دێتە پێشەوە، کە دەتوانێ لەسەر ئەو بنەمایە بناغەیەکی باشتر دابنێت”.








باسنيوز
Top