سوننەکان کاندیدی هاوپەیمانیی بینا بۆ سەرۆکایەتیی حکوومەت رەت دەکەنەوە

 سوننەکان کاندیدی هاوپەیمانیی بینا بۆ سەرۆکایەتیی حکوومەت رەت دەکەنەوە


هاوپەیمانیی هێزە عێراقییەکان (سوننە) کاندیدی هاوپەیمانیی بینا رەت دەکەنەوە و هاوپەیمانییەکە کەسێکی دیکە کاندید دەکات.

هاوپەیمانیی هێزە عێراقییەکان، کە محەمەد حەلبوسیی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سەرۆکایەتی دەکات، رایگەیاندووە، کاندیدکردنی قوسەی سوهێل بۆ هەلومەرجی ئەمڕۆی عێراق دروست نییە، چونکە رای زۆرینەی لەسەر نییە.

ئەو هاوپەیمانییە،کە بە 40 کورسیی پەرلەمانەوە بەشێکە لە هاوپەیمانیی بینا بە سەرۆکایەتیی نوری مالیکی، هەروەها رایگەیاندووە، کە پاڵپشتیی هیچ کاندیدێک ناکەن، ئەگەر رای زۆرینەی لایەنە سیاسییەکان و گەلی عێراقی لەسەر نەبێت.

دوای رەتکردنەوەی کاندیدبوونی قوسەی سوهێل بۆ جێگرتنەوەی عادل عەبدولمەهدی لەلایەن خۆپیشاندەران و لایەنە سیاسییەکان، هاوپەیمانیی بینا ئەسعەد عیدانی، پارێزگاری بەسرەی بۆ سەرۆکایەتیی حکوومەت، کاندید کرد.

عادل عەبدولمەهدی (لەدایکبووی 1942 لە بەغدا)، لە مانگی 10ـی 2018 وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق دەست بەکار بوو و لە رۆژی 30-11-2019 دەستی لەکار کێشایەوە و رۆژی دواتر پەرلەمانی وڵاتەکەی دەست لەکار کێشانەوەکەی قبوڵ کرد.

دەست لەکار کێشانەوەی عەبدولمەهدی لەسەر داوای مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق و دوای پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی، هات.

خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 2-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری، دەستیان پێ کرد.

بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 400 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس و ژمارەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوە دان.






باسنيوز
Top