عەللاوی: پێویستە سەرکۆمار لە دیاریکردنی سەرۆکی حکوومەت پرس بە سێ لایەن بکات
ئەمڕۆ دووشەممە 23-12-2019، ئەیاد عەللاوی، سەرۆکی ئیئتیلافی نیشتمانییی عێراقی لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، رایگەیاندووە، نامەیەکی دەستنووسی بۆ بەرهەم ساڵحی سەرکۆماری عێراق ناردووە.
ئەیاد عەللاوی هەرەها رایگەیاندووە، کە لەو نامەیەدا، بە سەرکۆماری عێراقی راگەیاندووە، کە پێویستە پرس و راگیڕینەوە لەگەڵ سێ لایەن بکات بۆ دیاریکردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکی حکوومەتی عێراق.
عەللاوی سێ لایەنەکەی ئاشکرا کردووە، کە بریتین لە؛
- خۆپیشاندەران
- یەکێتی و سەندیکا پیشەییەکان
- هەندێک لایەنی میانڕەوی ناو پەرلەمانی عێراق
سەرۆکی ئیئتیلافی نیشتمانیی عێراقی هەروەها رایەگیاندووە، کە ئیئتیلافەکەی هیچ کاندیدێکی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی نوێی وڵاتەکەی، نییە.
عادل عەبدولمەهدی (لەدایکبووی 1942 لە بەغدا)، لە مانگی 10ـی 2018 وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق دەست بەکار بوو و لە رۆژی 30-11-2019 دەستی لەکار کێشایەوە و رۆژی دواتر پەرلەمانی وڵاتەکەی دەست لەکار کێشانەوەکەی قبوڵ کرد.
دەست لەکار کێشانەوەی عەبدولمەهدی لەسەر داوای مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق و دوای پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی، هات.
خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 2-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری، دەستیان پێ کرد.
بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 400 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس و ژمارەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوە دان.
باسنيوز