ئەندامێکی هاوپەیمانیی فەتح: هەمیشە لە کاژێرەکانی کۆتایی بەربژێری سەرۆکوەزیران دەگۆڕدرێن

ئەندامێکی هاوپەیمانیی فەتح: هەمیشە لە کاژێرەکانی کۆتایی بەربژێری سەرۆکوەزیران دەگۆڕدرێن
هاوپەیمانی بینای هادی عامری کە ئێستا خۆی وەک گەورەترین فراکسیۆن دەناسێنێ، هەریەک لە قوسەی سوهێل و محەممەد تۆفیق عەلاوی بۆ جێگرەوەی عادل عەبدولمەهدی دیاریکردووە.
هاوپەیمانی سائیرونی سەدریش کە خۆی پێیوایە فراکسیۆنی گەورەیە، نەک تاوەکو ئێستا هیچ ناوێکی پێشکەش نەکردووە، بەڵکو لە رێگەی خۆپیشاندەرانەوە، هەموو ئەو ناوانە رەتدەکاتەوە کە تاوەکو ئێستا وەک بەربژێر ناویان هاتووە.

نەسیم عەبدوڵڵا، ئەندامی هاوپەیمانیی فەتح دەڵێت، هەموو شتێک چاوەڕوانکراوە، هەمیشە لە کاژێرەکانی کۆتایی ناوەکان دەگۆڕدرێن، بەڵام ئەوەی من بزانم بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران بەڕێزان تۆفیق عەلاوی و قوسەی سوهێل بەربژێرن، بەڵام عەلاوی چانسی زیاترە.

عەلا روبەیعی، پەرلەمانتاری سائیرون ئاماژە بەوە دەکات، هەر ناو و هەر کەسایەتییەک کە شەقامی عێراقی و خۆپیشاندەرانی گۆڕەپانی خۆپیشاندانەکان لەسەری رازیبن، ئەوانیش پشتیوانی و پشتگیری دەبن و دەڵێت "ئەمڕۆ قسەی کۆتایی و یەکلاکەرەوە لای خۆپیشاندەرانە کە دژی گەندەڵی دەرچوون و داوای چاکسازی رەوا دەکەن".

دەوڵەتی عێراق نە ئەوکاتەی خەونی بە سەرکردایەتیی نەتەوەیی عەرەب دەبینی توانی سوننەی عێراق رازی بکات، نە ئێستاش کە بە ژێردەست و گوێڕایەڵی ئێران تۆمەتبار دەکرێ، زۆرینەی شیعەی لێ رازییە. کورد کە نەهامەتیی بەدەستی هەردووکیان بینیوە، پێیوایە چارەسەر هەڵبژاردنی کەسایەتییەکی پاک، عێراقدۆست و دەستوور پەسەندە.

فارس عیسا، نوێنەری حکومەتی هەریمی کوردستان لە بەغدا دەڵێت "ئێمە وەک هەرێمی کوردستان هێڵی سورمان لەسەر کەس نییە، تەنها ئەو کەسانە نەبن کە دەستیان لە گەندەڵی هەبووە و دەستیان لە نەهامەتییەکانی خەڵکی عێراق هەبووە و دەستووریان پێشێل کردووە".

خالید عەبد جاسم، هاووڵاتییەکی 79 ساڵە، دوای پاشایەتی حوکمی چوار سەرکردە و دوای سەددامیش حکومەتی پێنج سەرۆکوەزیرانی بینیوە و باس لەوە دەکات، خێریان لە هیچیان نەبینیوە و دەڵێت "ئێمە رازینین لەسەر ئەو کەسەی لایەنە سیاسییەکان دیاریدەکەن، چونکە ئەوانە دزن، تەنیا داهاتی عێراق دەدزن، ئێمە دەمانەوێ یەکێکی دەستپاک و خاوەن ناسنامەی عێراقی بێت".

هەرچەند یەکشەممە وەک دوایین وادە بۆ دەستنیشانکردنی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق دیاریکرابوو، بەڵام لەبەر ئەوەی تاوەکو ئێستاش بۆ سەرۆککۆمار یەکلایی نەبووەتەوە کێ گەورەترین فراکسیۆنە، پرسەکە وەک خۆی ماوەتەوە. د. بەرهەم وەڵامەکەی پەرلەمانی بۆ دادگای فیدراڵی بەجێهێشت، بەڵام بەهۆی یەکلانەبوونەوەی، وەڵامەکەی دادگای فیدراڵیی رەوانەی پەرلەمانی عێراق کردووە تاوەکو گەورەترین فراکسیۆن دیاریبکەن و بۆ دووەمجار تۆپەکە چووەوە گۆڕەپانی پەرلەمان.
Top