دادگای فیدراڵیی عێراق وەڵامی سەرکۆمار دەداتەوە

 دادگای فیدراڵیی عێراق وەڵامی سەرکۆمار دەداتەوە


دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لە بارەی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی، وەڵامی سەرکۆماری وڵاتەکەی دەداتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 22-12-2019، ئیاس سامۆک، گوتەبێژی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، بەرهەم ساڵحی سەرۆک کۆمار لەبارەی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی، داوای روونکردنەوەی لە دادگاکە کردبوو.

ئیاس سامۆک هەروەها رایگەیاندووە، دادگاکە بە ئامادەبوونی هەموو ئەندامانی، کۆبوونەوەیەکی ئەنجام داوە و تێیدا بە پشتبەستن بە ماددەکانی دەستوری وڵات، بڕیاری داوە، گەورەترین کوتلە ئەو کوتلەیەیە، کە پاش هەڵبژاردن لە پەرلەمانی عێراق پێک هێنراوە.

بەپێی ئەو بڕیارەی دادگا، کوتلەی بینا (هاوپەیمانییەکانی فەتح و دەوڵەتی یاسا) گەورەترین کوتلەی پەرلەمانین و بەپێی دەستووریش، کاندیدی ئەو کوتلەیە جێی عادل عەبدولمەهدی دەگرێتەوە، کە بریتییە لە قوسەی سوهێل.

دوای کاندیدکردنی قوسەی سوهێل، خۆپیشاندەرانی عێراق لە هەموو شارە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە دژایەتیی خۆیان بۆ راسپاردنی سوهێل بە پێکهێنانی حکوومەت، راگەیاند.

بەپێیهەواڵی میدیا عێراقییەکان، ئەمڕۆ یەکشەممە بەرهەم ساڵح سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق، رادەسپێرێت.

عادل عەبدولمەهدی (لەدایکبووی 1942 لە بەغدا)، لە مانگی 10ـی 2018 وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق دەست بەکار بوو و لە رۆژی 30-11-2019 دەستی لەکار کێشایەوە و رۆژی دواتر پەرلەمانی وڵاتەکەی دەست لەکار کێشانەوەکەی قبوڵ کرد.

دەست لەکار کێشانەوەی عەبدولمەهدی لەسەر داوای مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق و دوای پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی، هات.

خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 2-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری، دەستیان پێ کرد.

بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 400 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس و ژمارەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوە دان.



باسنیوز
Top