ئەمڕۆ دوا وادەیە بۆ راسپاردنی بەربژێری سەرۆکوەزیرانی عێراق لەلایەن سەرۆککۆمار

 ئەمڕۆ دوا وادەیە بۆ راسپاردنی بەربژێری سەرۆکوەزیرانی عێراق لەلایەن سەرۆککۆمار
ئەمڕۆ یەکشەممە دوا وادەی دەستوورییە لە پێش بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق بۆ راسپاردنی بەربژێرێک بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران، بەڵام تاوەکو ئێستا بە فەرمی سەرۆککۆمار بەربژێری بۆ ئەو پۆستە رانەسپاردووە.

دوای ئەوەی پەرلەمانی عێراق لە یەکی ئەم مانگە دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی پەسەندکرد، رۆژی دواتر بە نووسراوی فەرمی داوای لە سەرۆککۆمار کرد بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران رابسپێرێ و بەهۆی هەژمارنەکردنی پشووە فەرمییەکان ئەو 15 رۆژەی کە دەستوور دیاریکردووە بۆ راسپاردنی سەرۆکوەزیرانی نوێ ئەمڕۆ کۆتاییدێت.

موقتەدا سەدر، رابەری رەوتی سەدر شەوی رابردوو لە توویتێکدا لەبارەی بەربژێرکردنی قوسەی سوهەیل لەلایەن هاوپەیمانی بونیادنان لە هەژماری خۆی رایگەیاند "برایان لە فراکسیۆنی بینا، برامان قوسەی سوهەیل، خوێنی عێراقییەکان بپارێزن، رێز لە فەرمانەکانی مەرجەعییەت، ویستی گەل و شکۆی خۆتان بگرن، ئەمە بۆ ئێمە و ئێوە و تێکرای عێراق باشترە، گەل گەورەترین فراکسیۆنە".

ئەو توویتەی سەدر دوای کۆنگرەی رۆژنامەڤانی محەممەد سالم ئەلغەبان، سەرکردەی هاوپەیمانیی بونیادنان هات کە رایگەیاند "داوا لە سەرۆککۆمار دەکەین پابەندبێت بە وادە دەستوورییەکان و بەربژێری گەورەترین فراکسیۆن پێشکەش بکات، ئێمە ناوی بەربژێری خۆمان بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران پێشکەشی سەرۆککۆمار کردووە، دادگای فیدراڵیش مشتومڕی تایبەت بە گەورەترین فراکسیۆن یەکلایی دەکاتەوە، بۆیە پێویستە یەکشەممە گەورەترین فراکسیۆن دەستنیشان بکرێ و بەربژێرەکەی بۆ ئەو پۆستە رابسپێردرێ".

پێشتر هاوپەیمانی بونیادنان رایگەیاند "قوسەی سوهەیل، وەزیری خوێندنی باڵای عێراق بەربژێری هاوپەیمانیی بینایە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق".

هاوپەیمانی بونیادنان لە هاوپەیمانی فەتح بەسەرۆکایەتی هادی عامری و هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بەسەرۆکایەتی هەندێک هێزی دیکە پێکدێت.





رووداو
Top