محەمەد کەربولی داوا لە بەرهەم ساڵحی سەرکۆماری عێراق دەکات پابەندی دەستووری هەمیشەیی عێراق نەبێت.

 محەمەد کەربولی داوا لە بەرهەم ساڵحی سەرکۆماری عێراق دەکات پابەندی دەستووری هەمیشەیی عێراق نەبێت.


دوو داوای دژ بە یەک لەبارەی جێگرتنەوەی عادل عەبدولمەهدی، ئاراستەی سەرکۆماری عێراق دەکرێت.

محەمەد کەربولی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی هێزە عێراقییەکان (سوننە) لە پەیامێکدا، کە لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر) بڵاوی کردووەتەوە، داوا لە بەرهەم ساڵحی سەرکۆماری عێراق دەکات پابەندی دەستووری هەمیشەیی عێراق نەبێت.

محەمەد کەربولی رایگەیاندووە، ”پێشێڵکردنی دەستوور هەزار جار باشترە لە رژانی خوێن بەهۆی راسپاردنی کەسێک بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ، کە شەرم لەخۆی ناکا، کاتێ دەبینێ گەل رەتی دەکاتەوە“.

ئەو لێدوانەی کەربولی ئاماژەیە بۆ ئەگەری راسپاردنی قوسەی سوهێل، کاندیدی هاوپەیمانیی بینا بە پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، کە خۆپیشاندەرانی عێراق رەتیان کردووەتەوە و رازی نین سوهەیل ببێتە سەرۆکی حکوومەت.

هەر لەبارەی هەمان پرسەوە، مەنسور بەعێجی، پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، کە ”پێویستە سەرکۆمار پابەندی دەستوور بێت و لە کاتی دیاریکراو ئەو کاندیدەی ئێمە داوامان کردووە، راسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکوومەت“.

مەنسور بەعێجی داواشی لە سەرکۆمار کردووە چیتر یاری بەکات نەکات و ببێتە پارێزەری دەستوور و جێی متمانەی گەلی عێراقی.

عادل عەبدولمەهدی (لەدایکبووی 1942 لە بەغدا)، لە مانگی 10ـی 2018 وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق دەست بەکار بوو و لە رۆژی 30-11-2019 دەستی لەکار کێشایەوە و رۆژی دواتر پەرلەمانی وڵاتەکەی دەست لەکار کێشانەوەکەی قبوڵ کرد.

دەست لەکار کێشانەوەی عەبدولمەهدی لەسەر داوای مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق و دوای پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی، هات.

خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 2-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری، دەستیان پێ کرد.

بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 400 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس و ژمارەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوە دان.







باسنيوز
Top