لە سێ پارێزگای عێراق مانگرتنی گشتی راگەیەندرا
لە سێ پارێزگای باشووری عێراق مانگرتنی گشتی جگە لە فەرمانگە تەندروستی و خزمەتگوزارییەکان، راگەیەندرا.
ئەمڕۆ یەکشەممە 22-12-2019، سەرجەم قوتابخانە و فەرمانگەکانی هەر سێ پارێزگای نەجەف، دیوانییە و زیقار، داخران و مانگرتنی گشتی راگەیەندرا.
مانگرتنی گشتی دوای کوشتنی ژمارەیەک چالاکوان و سەرپەرشتیاری خۆپیشاندانەکان دێت، کە دواینیان عەلی عەسمی بوو، کە شەوی هەینی تیرۆر کرا.
بەپێی زانیارییەکانی کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، تا ئێستا 26 چالاکوان و سەرپەرشتیاری خۆپیشاندانەکان لە شارە جیاوازەکانی عێراق، تیرۆر کراون.
خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 2-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری، دەستیان پێ کرد.
بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 400 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس و ژمارەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوە دان.
باسنیوز