سەدر بۆ بەربژێری سەرۆکوەزیران: خوێنی عێراقییەکان بپارێزە
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر ئەمڕۆ شەممە 21-12-2019 لە توویتێکدا لە هەژماری خۆی گوتووشیەتی "رێز لە ویستی گەل بگرن و رێز لە شکۆی خۆتان بگرن، ئەمە بۆ ئێمە و ئێوە و تێکڕای عێراق باشترە، گەل گەورەترین فراکسیۆنە".
لە کۆتایی توویتەکەیدا رێبەری رەوتی سەدر نووسیویەتی "هاووڵاتی موقتەدا سەدر".
توویتەکەی سەدر دوای کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی محەممەد سالم ئەلغەبان، سەرکردەی هاوپەیمانیی بینا هات کە رایگەیاندبوو "داوا لە سەرۆککۆمار دەکەین پابەندبێت بە وادە دەستوورییەکان و بەربژێری گەورەترین فراکسیۆن پێشکەشبکات، ئێمە ناوی بەربژێری خۆمان بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران پێشکەشی سەرۆککۆمار کردووە، دادگای فیدراڵیش مشتومڕی تایبەت بە گەورەترین فراکسیۆن یەکلایی دەکاتەوە، بۆیە پێویستە یەکشەممە گەورەترین فراکسیۆن دەستنیشان بکرێت و بەربژێرەکەی بۆ ئەو پۆستە رابسپێردرێت".
پێشتریش هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیی نووری مالکی رایگەیاند، قوسەی سوهەیل، وەزیری خوێندنی باڵای عێراق بەربژێری هاوپەیمانیی بینایە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق.
رۆژی یەکشەممە 22-12-2019 دوا وادەی دەستوورییە لەپێش سەرۆککۆماری عێراق بۆ راسپاردنی بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران، کە بڕیارە کابینەی نوێی حکومەت پێکبهێنێ و لەبری کابینەی دەستلەکارکێشاوەی عادل عەبدولمەهدی دەستبەکاربێت.
خۆپیشاندانەکانی عێراق بەردەوامییان هەیە، بەپێی دوایین ئاماری کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی عێراق تاوەکو ئێستا بەهۆی گرژی و ئاڵۆزیی بەغدا و شارەکانی باشووری عێراقەوە نزیکەی 500 کەس کوژراون و هەزاران کەسیش برینداربوون. بەهۆی فشاری خۆپیشاندەران و مەرجەعییەتی شیعە، عادل عەبدولمەهدی دەستیلەکارکێشایەوە و رۆژی 1-12-2019 نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەی لەلایەن پەرلەمانەوە پەسندکرا و تاوەکو ئێستاش دیارنییە کێ دەبێتە سەرۆکوەزیرانی عێراق.