لە شەو و ڕۆژێکدا 80 كەس لە ئیدلیب كوژراون
دوێنێ هەینی شەڕێكی قورس لە شارۆچكەی ئەلنوعمانی سەر بە ئیدلیب لە نێوان سوپای بەشار ئەسەد و گرووپە توندڕەوەكانی لەناو پارێزگای "ئیدلیب"ی سووریا رووی داوە و بە گوێرەی زانیارییەكانی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە ٢٤ کاتژمێردا ٤٢ چەكداری گرووپە توندڕەوەكان كوژراون و٣٠ چەكداری ڕژێمی بەشار ئەسەد و ٨ كەسی تریش كە بە یاخیبوو ناویان بردووە، كوژراون.
هەر بەهۆی ئەو شەڕەوە، دەیان هەزار كەس ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێ هێشتووە، چونكە فڕۆكەكانی ڕووسیا ئەو ناوچەیە بۆردومان دەكەن و پشتگیری لە سوپای ئەسەد دەكەن.
لەمبارەوە دوێنێ هەینی رەجەب تەییب ئەردۆغان سەركۆماری توركیا، لە مالیزیا لەو ڕووەوە هۆشداریی داوەتەوە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كە ٥٠ هەزار خەڵكی سڤیلی سووریا بەرەو توركیا دێن، ئەمەش مەترسییەكی گەورەیە بۆ سەر ناوچەكە.
پاریزگای ئیدلیب ئیدلیب بەشێكی زۆری لەژێر دەستی چەكدارانی سەر بە قاعیدە بووە، بەڵام دوای ئەوەی بەشێكیان جیا بوونەوەیان راگەیاند و ناویان لە خۆیان نا "تەحریرەلشام"، ئیدی بەشێكی ئەو خاكە كەوتە دەستی ئەوان.
لە مانگی ٨ی ٢٠١٩ لە رێككەوتنێكدا ئاگربەست راگەیەندرا، بەڵام ئێستا هێزەكانی سەر بە بەشار ئەسەد بە هاوكاریی ڕووسیا، دەیانەوێت بەرەو ئیدلیب پێشڕەوی بكەن.
باسنيوز