سەرۆکی کوتلەکانی پەرلەمانی عێراق بۆ دیاریکردنی سەرۆک وەزیرای نوێ کۆ دەبنەوە

سەرۆکی کوتلەکانی پەرلەمانی عێراق بۆ دیاریکردنی سەرۆک وەزیرای نوێ کۆ دەبنەوە
سەرۆکی کوتلەکانی پەرلەمانی عێراق بۆ دیاریکردنی سەرۆک وەزیرانی نوێی ولاتەکەیان، کۆ دەبنەوە.

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی (سۆمەرییە نیوز)، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 21-12-2019، سەرۆکی کوتلە و فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی عێراق، کۆ دەبنەوە.

لەو کۆبوونەوەیەدا، سەرۆکی کوتلە سیاسییەکان تاوتوێی دوو بابەت دەکەن، کە بریتین لە؛

- دیاریکردنی کەسێک بۆ جێگرتنەوەی عادل عەبدولمەهدی

- پرۆژەیاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، کە هەفتەی رابردوو 14 ماددەی پەسەند کرا.

عادل عەبدولمەهدی (لەدایکبووی 1942 لە بەغدا)، لە مانگی 10ـی 2018 وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق دەست بەکار بوو و لە رۆژی 30-11-2019 دەستی لەکار کێشایەوە و رۆژی دواتر پەرلەمانی وڵاتەکەی دەست لەکار کێشانەوەکەی قبوڵ کرد.

دەست لەکار کێشانەوەی عەبدولمەهدی لەسەر داوای مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق و دوای پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی، هات.

خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 2-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری، دەستیان پێ کرد.

بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 400 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس و ژمارەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوە دان.













باسنيوز
Top