سیاسەتمەدارێک: مەرجەعیەت پلانێکی ئێرانی پووچەڵ کردەوە
سیاسەتمەدارێکی عێراقی رایدەگەیەنێت، مەرجەعی شیعەکان پلانێکی ئێرانی بۆ دیاریکردنی سەرۆک وەزیرانیی نوێی عێراق، پووچەڵ کردەوە.
حەیدەر مەلا، سیاسەتمەدار و پەرلەمانتاری پێشووی عێراق بە رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت)ی راگەیاندووە، تا رۆژی چوارشەممەی رابردوو، ئێران گوشارەکانی خستبووە سەر بەرهەم ساڵحی سەرکۆماری عێراق بۆ راسپاردنی قوسەی سوهێل بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق.
حەیدەر مەلا هەروەها رایگەیاندووە، ئەیاد عەللاوی و موقتەدا سەدریش بە دانانی قوسەی سوهێل وەک سەرۆک وەزیرای نوێی عێراق رازی بوون، بەڵام رۆژی هەینی 20-12-2019، مەرجەعیەتی باڵای شیعەکان لە عێراق، رەتی کردەوە لەگەڵ دانانی قەسەی سوهێل بێت.
بە رەتکردنەوەی قوسەی سوهێل، وەک ئەو سیاسەتمەدارە عێراقییە باسی کردووە، مەرجەعیەتی کۆتایی بە گوشارەکانی سەر سەرکۆمار و شکستی بە پلانەکەی ئێران هێنا.
عادل عەبدولمەهدی (لەدایکبووی 1942 لە بەغدا)، لە مانگی 10ـی 2018 وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق دەست بەکار بوو و لە رۆژی 30-11-2019 دەستی لەکار کێشایەوە و رۆژی دواتر پەرلەمانی وڵاتەکەی دەست لەکار کێشانەوەکەی قبوڵ کرد.
دەست لەکار کێشانەوەی عەبدولمەهدی لەسەر داوای مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق و دوای پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی، هات.
خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 2-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری، دەستیان پێ کرد.
بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 400 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس و ژمارەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوە دان.