ناوی 48 کاندید بۆ جێگرتنەوەی عەبدولمەهدی دەدرێتە سەرکۆمار

 ناوی 48 کاندید بۆ جێگرتنەوەی عەبدولمەهدی دەدرێتە سەرکۆمار


ناوی 48 کاندید بۆ سەرۆکایەتیی حکوومەتی نوێی عێراق و جێگرتنەوەی عەبدولمەهدی، دەدرێتە سەرکۆماری ئەو وڵاتە.

عەباس عەتافی، پەرلەمانتاری کوتلەی بینا بە رۆژنامەی (سەباح)ی فەرمیی عێراقی راگەیاندووە، حکوومەتی ئێستای عێراق بەردەوام دەبێ تا کەسێک بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ، رادەسپێردرێت.

عەباس عەتافی هەروەها رایگەیاندووە، ناوی 48 کەس وەک کاندیدی سەرۆکایەتیی حکوومەتی عێراق دراوەتە سەرکۆمار و لایەنە سیاسییەکانیش تا ئێستا لەسەر دیاریکردنی کەسێک، رێک نەکەوتوون.

عادل عەبدولمەهدی (لەدایکبووی 1942 لە بەغدا)، لە مانگی 10ـی 2018 وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق دەست بەکار بوو و لە رۆژی 30-11-2019 دەستی لەکار کێشایەوە و رۆژی دواتر پەرلەمانی وڵاتەکەی دەست لەکار کێشانەوەکەی قبوڵ کرد.

دەست لەکار کێشانەوەی عەبدولمەهدی لەسەر داوای مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق و دوای پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی، هات.

خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 2-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری، دەستیان پێ کرد.

بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 400 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس و ژمارەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوە دان.









باسنيوز
Top