پەرلەمانی عێراق بۆ هەموارکردنەوەی یاسایەکی گرنگ کۆ دەبێتەوە
بریارە کاتژمێر 11ـی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 11-12-2019 پەرلەمانی عێراق کۆ ببێتەوە و پەرلەمانتارێکیش تەوەری کۆبوونەوەکە ئاشکرا دەکات.
حەسەن ئالی، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق، راگەیاند، یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ، دەنگدانە لەسەر پرۆژەیاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.
ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، یەکێکە لە داخوازییەکانی مەرجەعی باڵای شیعەکان و خۆپیشاندەرانی عێراق.
خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 2-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری، دەستیان پێ کرد.
بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 400 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس و ژمارەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوە دان.
باسنیوز